بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ پێکھێنانی لیژنە ھەمیشەییەکان لە پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی حکوومەت دەکەین پێکبێت، تاوەکو حکوومەتی تازە ناتوانین لیژنەکان پێکبێنین، چونکە سەرۆک بۆ ھیچ لیژنەیەک دیاری ناکرێت بێ پێکھێنانی حکوومەت، لەبەر ئەوەی ھەر حیزب و کوتلەیەک وەزیرێک وەرگرێت نابێت سەرۆکایەتی لیژنەی پەیوەندیداری بەو وەزارەتەی بدرێتێ، بۆیە چاوەڕێی پێکھێنانی حکوومەتی تازە دەکەین.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ پێکھێنانی لیژنەکانی ھەمیشەیی پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق دەکەین، چونکە ھەر لیژنەیەک لە حیزبێک یان کوتلەیەک بێت سەرۆکایەتیەکەی وەرگیرێت پێویستە وەزیر لەو لایەنە نەبێت و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر وەزیر لەلایەنێک بێت نابێت سەرۆکی لیژنەش لەو لایەنە بێت، بۆیە چاوەرێی پێکھێنانی حکوومەت دەکەین ئەوکات لیژنەکان پێکدێنین".
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "سێ لیژنە پێکھاتووە تەنھا ئەندامیان بۆ دانراوە، لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و لیژنەی دارایی و لیژنەی یاسایی نیسابی یاساییان بۆ تەواو کراوە بۆ بەڕێکردنی کارەکان و لیژنەکان تەواو دروستبوونە و ئێستا کارەکانی خۆیان دەکەن، بەڵام سەرۆک لیژنەکان ھێشتا دەستنیشان نەکراون و تاوەکو حکوومەت دروست دەبێت".
عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: "سەرۆکایەتی ھیچ لیژنەیەک دانانێین تا حکوومەت دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی دیاربێت کە ئەوکات ھەر حیزبێک ھەر وەزیرێکی بەرکەوێت لە پەرلەمان سەرۆکی ئەو لیژنە وەرناگرێت کە پەیوەندیدارە بەو وەزارەتەوە".
بڵند ئیبراھیم