چین-KDP.info- ئەمڕۆ هیوا ئەحمەد مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە شاری (شەنگهای) وڵاتی چین، بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری پانێڵی پەیمانگای شەنگهای بۆ توێژینەوە و دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد.
پانێڵەکە لەلایەن سەرۆکی پەیمانگای شەنگهای و چەندین پسپۆڕی سیاسی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەنی چین و شاندی لایەنە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون.
سەرۆکی پەیمانگاکە (وای جین) بە تێر و تەسەلی باسی لە سیاسەتی وڵاتی چین بەرامبەر بە وڵاتانی زلهێز و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی کرد و گفتوگۆی نێوان بەشداربووانی پانێڵەکە زیاتر لە ۳ کاتژمێری خایاند.
لەلایەن خۆیەوە هیوا ئەحمەد مستەفا بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی پەیمانگای شەنگەهای کرد. ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە باسیان لە بانگهێشتکردنی چەند سەنتەرێکی تایبەت بە شیکاری سیاسی لە عیراق و کوردستان کرد بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی شاری شەنگەهای بکەن.