هەڵەبجە -KDP.info- ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١/٣/٢٠١٨ لە یادی کۆچی دواییی مەلا مستەفا بارزانی، باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد، کۆمەڵێک سمینار و چالاکی لەسەر کەسایەتیی بەرزی ئەو سەرکردە مەزنەی کورد لە سەنتەرە ڕۆشنبیری و هونەرییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا بەڕێوە چوون.
لە سەنتەرە ڕۆشنبیری و کلتووری و پیشەییەکانی هەڵەبجەی شەهید، محەمەد مەهدی جەواهیری، قەدری جان، جەلادەت بەدرخان، ڕەوشەن بەدرخان و عوسمان سەبری سمینار لەسەر ژیاننامە و خەبات و تێکۆشان و مرۆڤدۆستیی بارزانی نەمر بەڕێوە برا.
هەر لەم یادەدا ئیدارەی کەمپی خازر هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی کەمپەکەیان بەڕێوە برد بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گرنگیدان بە ژینگەی کەمپەکە، کە ڕۆژانە منداڵان لە ناو ئەو کەمپەدا کات بەسەر دەبەن.
ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یادی کۆچی دوایی و لەدایکبوونی باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد، بارزانی نەمردا چەندین چالاکی بۆ خزمەتکردنی قوتابیان و خەڵکی کوردستان و ئاوارە و پەنابەران بەڕێوە دەبات.
لە چالاکییەکی دیکەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری کەلار هەڵمەتێکی گوڵچاندنی بەڕێوە برد بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی بارزانی نەمر، باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد.
ڕێکەوتی ١/٣/٢٠١٨ ساڵڕۆژی کۆچی دواییی مەلا مستەفا بارزانی، باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ڕێزگرتن لە بیرەوەری و یادی ئەو ڕێبەرە مەزنەی کورد، هەڵمەتێکی چاندنی گوڵی ئەنجام دا.