هەولێر-KDP.info- (دکتۆر رەشاد میران) پێی وایە، گەر هاتوو دوای ریفرەندۆم هەرێمی کوردستان سەربەخۆییی خۆی راگەیاند، ئەمەریکا حیسابێکی جیددیتری بۆ دەکات. دەشڵێت، گەر ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای دیموکراسی دامەزرا، نەک کوردستان، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکە و رۆژئاوا و ئەمەریکایش سوودمەند دەبن.
(دکتۆر رەشاد میران) دکتۆرا لە ئیتنۆگرافیا و مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر پرسی ریفرەندۆم و هەڵوێستی ئەمەریکا لەوبارەیەوە، رایگەیاند: "دیار نییە هەڵوێستی ئەمەریکا چییە، لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفرەندۆمیش چی دەبێت"، ناوبراو بە سەرسوڕمانیشەوە دەڵێت، لە کاتێکادایە ئەمەریکا پشتگیری و هاوکاری پێشکەش بە کورد کردووە و بەرپرسانیشیان لە پیاهەڵدان و پێدانی گفتی جۆراوجۆر بە کورد درێغییان نەکردووە.
سایکس-پیکۆ، لە دوای یەکەم جەنگی جیهانەوە نەخشەی دابەشکاریی ئامانجداری لە ناوچەکە کێشا و بە هۆیەوە خاکی کورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کرا، پاش سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا، هەڵوەشانەوەی و کیسانەوەی سنوورە دەستکردنەکان، بابەتی نێوەندە سیاسی و مێدیاییەکانە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ باوەڕی وایە، کە ئەمەریکا نەیتوانیوە دەسبەرداری ئەو نەخشەیە بێت، هاوکات بۆچوونیشی وایە رووسیا و ئۆکراینا و کۆریای باکوور لە ئەجێندای ئەمەریکادا بوونی هەیە، وەک کارکردن لەسەر ئێران، چونکە هیلالی شیعی بە درووشمێکی تۆقێنەر ناو دەبات وەک ئەوەی کردەیی بێت.
سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لە وادەی دیاریکراودا(٢٥ـی ئەم مانگە) پرۆسەی ریفرەندۆم ئەنجام بدرێت، تاوەکو ئێستایش گەورەوڵاتێکی وەکو ئەمەریکا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەوبارەوە دەرنەبڕیوە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتی: "ئەگەر ریفرەندۆم ئەنجام درا، روون نییە هەڵوێستی ئەمەریکا چی دەبێت"، (میران) پێی وایە، دوای راگەیاندنی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا ناچار دەبێت لەگەڵ واقیعدا مامەڵە بکات، "کاتێک ریفرەندۆم ئەنجام درا و دواتریش سەربەخۆیی راگەیەندرا، هاوکات دەوڵەتی کوردستان بەرگەی گوشار و هەڕەشەکانی گرت و خۆی راگرت و بووە واقیع، بێگومان ئەمەریکا حیسابێکی جیددیتر بۆ ئەو واقیعە دەکات".
(میران) سەبارەت بە سیستمی داهاتووی دەوڵەتی کوردستان، پێیوایە، دەبێت رژێمێکی دیموکراتی راستەقینە بێت، "ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای مەدەنی و عەلمانی تەواو حوکمڕانی بکات، ئەوکاتە نەک هەر خەڵکی کوردستان، بەڵکو ئەمەریکا و رۆژئاوا و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش لە رووی پەیوەندییەکانەوە بە هەموو رەهەندەکانییانەوە، سوودمەند دەبن".
خێڵان بەختیار