Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەلید موعەلیم: پەیەدە بەشێكە لە حكوومەتی سووریا

سووریا-KDP.info- (وەلید موعەلیم) وەزیری دەرەوەی سووریا، پەیەدە كە بە باڵی ڕۆژئاوای پەكەكە ناسراوە، بە بەشێك لە حكوومەتی وڵاتەكەی دەزانێت.

وەزیری دەرەوەی سووریا، پەیەدە بە بەشێك لە حكوومەتی وڵاتەكەی دەزانێت. (وەلید موعەلیم) وەزیری دەرەوەی سووریا، پارتی یەكێتی نەتەوەیی كورد لە سووریا (پەیەدە) كە بە باڵی ڕۆژئاوای پەكەكە ناسراوە، بە هێزێكی سەر بە حكوومەتەكەی ناو دەبات و دەڵێ: "پێكەوە لە یەك سەنگەرداین و ئەو هێزانەیشی هەیانە، هیی ئێمەن".

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، (موعەلیم) وێڕای نیگەرانی لە بانگهێشتنەكردنی نوێنەرانی پەیەدە بۆ كۆنگرەی جنێڤ سەبارەت بە ڕەوشی سووریا، جەختی لەوە كردەوە كە "پەیەدە هێزێكی سەر بە حكوومەتی سووریایە و وەك ئێمە دژی دابەشكردنی سووریان و ناهێڵن پڕۆژەی فیدراڵی سەر بگرێ".

ئەوەیشی گوت كە "لەگەڵ پەیەدە لە یەك سەنگەرداین بۆ

پارێزگاریكردن لە یەكپارچەیی خاكی وڵات، نە سیستم و نە سەرۆك دەگۆڕین و پەیەدەیش لەگەڵ ئەم سیاسەتەی ئێمەیە".

لە لایەكی دیكەوە، (ساڵح موسلیم) هاوسەرۆكی پەیەدە، ڕایگەیاندووە كە حزبەكەی بانگهێشتی كۆنگرەی جنێڤ نەكراوە كە بڕیارە سبەی دەست بە كارەكانی بكات و ماوەی دە ڕۆژ بخایەنێت.

ئاژانسی سپۆتنیكی ڕووسیا، لە زاری (ساڵح موسلیم)ـەوە بڵاوی كردەوە كە ئەوان جگە لە كۆبوونەوەی جنێڤ، هیچ چوارچێوەیەكی دیكەیان بۆ گفتوگۆكان نییە و پێویستە گفتوگۆكان لە نێوان سووریاییەكاندا بێت.