ئانكارا -KDP.info-هاوسه‌رۆكی پارتیی دیموكراتی گه‌لان هه‌ده‌په (سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش) ده‌ڵێ، "له ئیمرالی مێزێكی گفتوگۆی گه‌وره دروست كراوه و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر مێزه‌كه مه‌كینه‌ی چای خواردنه‌وه‌شی تێدایه، به‌ڵام به داخه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و مێزه نه ئێمه‌ی تێدایه و نه ده‌وڵه‌تی تورك. ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یان بدابوایه (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) داوای كۆنگره‌ی بۆ په‌كه‌كه ده‌كرد و، له‌وێدا بڕیاریان ده‌دا كه چه‌ك دابنێن و به مه‌ده‌نیانه بێنه ناو سیاسه‌ته‌وه، ئێستایش نازانم بۆ ئه‌مه ڕووی نه‌دا و كێ بووه به‌ربه‌ست".
(ده‌میرتاش) ڕه‌خنه‌ی له ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی هه‌ده‌په (له‌ڤه‌نت توزه‌ل) گرت به‌وه‌ی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوانی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه و لەم حكوومه‌تە كاتییەی توركیادا به‌شداریی نه‌كردووه. ئه‌و پێی وایە ده‌بووایه له بڕیاری پارته‌كه‌ی ده‌رنه‌چێت، چونكه پێشتر ئه‌وان بڕیاریان دابوو به‌شداری بکەن له‌م حكوومه‌تە كاتییەدا. ئه‌گه‌ر ئه‌ویش وه‌زارته‌كه‌ی وه‌ربگرتایه ئێستا هه‌ده‌په ده‌بووه خاوه‌نی 3 وه‌زاره‌ت له حكوومه‌تی كاتیدا.
دەرباره‌ی ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌دا تا چه‌ند بڕواتان به خۆتان هه‌یه دووباره به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن بشكێننه‌وه گوتی: "ئێمه بڕوامان به خۆمان هه‌یه ده‌نگه‌كانمان زیاد بكات. به گوێره‌ی ئه‌و ڕاپرسیانه‌ی ئێمه كردوومانه، له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌دا ده‌توانین 20%ـی ده‌نگه‌كان بهێنین و ببین به پارتی سێیه‌م له توركیادا".
ئێستا پارتی سێیه‌م له توركیا بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی تورك مه‌هه‌په‌یه كه له هه‌ڵبژاردنەکەدا توانییان 16%ی ده‌نگه‌كان بهێنن، به‌ڵام زۆرێك له ڕاپرسییه‌كان ده‌ری‌ده‌خه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته مه‌هه‌په ده‌نگی كه‌م ده‌كاته‌وه.
له دوو ڕۆژی ڕابردوودا له دیاربه‌كر له ئه‌نجامی پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و په‌كه‌كه‌دا پزیشكێك به ناوی (عه‌بدوڵڵا بیرۆڵ) كوژرا و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له توركیا دروست كرد. ده‌میرتاشیش ده‌نگی خۆی خسته پاڵ ده‌نگی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئیدانه‌ی كوشتنی بیرۆڵیان كردبوو.
(ده‌میرتاش) گوتی: "ئه‌وه‌ی په‌لاماری پزیشك یان هه‌ر كارمه‌ندێكی ته‌ندروستی بدات، بێگومان ئه‌وپه‌ڕی بێڕه‌وشتییه و، به توندی ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین. هیچ كه‌سێك بۆی نییه زمانی به‌سه‌ر پزیشكدا درێژ بكات یان ده‌ستی بۆ درێژ بكات، ئێمه ئه‌و جۆره كرده‌وانه ئیدانه ده‌كه‌ین".
له درێژه‌ی گفتوگۆكه‌یدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسان (ده‌میرتاش) باسی له پرسی قۆناغی چاره‌سه‌ری كرد و گوتی: "له ئیمرالی مێزێكی گفتوگۆی گه‌وره دروست كراوه و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر مێزه‌كه مه‌كینه‌ی چای خواردنه‌وه‌شی تێدایه، به‌ڵام به داخه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و مێزه نه ئێمه‌ی تێدایه و نه ده‌وڵه‌تی تورك. ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یان بدابوایه عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان داوای كۆنگره‌ی بۆ په‌كه‌كه ده‌كرد و، له‌وێدا بڕیاریان ده‌دا كه چه‌ك دابنێن و به مه‌ده‌نیانه بێنه ناو سیاسه‌ته‌وه، ئێستایش نازانم بۆ ئه‌مه ڕووی نه‌دا و كێ بووه به‌ربه‌ست".
كارزان گلی