Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێنمایی نوێ بۆ گواستنەوەی مامۆستایان دەردەکرێت

هه‌ولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزاەرتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لەپێناو ڕێکخستنی میلاکات گواستنەوەی مامۆستایان ڕاگیراوە؛ هەڵبەت بەو نزیکانە ڕێنماییەکی نوێ دەردەکرێت و، دەست پێدەکاتەوە. دەشڵێت، لە مانگی نۆوە گرێبەستی چوارھەزار مامۆستا نوێ دەکرێتەوە و، مووچەکەیشیان لەگەڵ مامۆستاکانی تردا دەدرێت.

(فاتیح مەولەویزادە) گوتەبێژی وەزاەرتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر ئەوەی زۆر مامۆستا داوا دەکەن بگوازرێنەوە، وەزیری پەروەردە ئەو دەسەڵاتەی گواستەوە بۆ شێوازێکی لامەرکەزیەت، چونکە ناکرێت کەسێک بە واستە لە شەقڵاوە کە دوو ساڵ خزمەتی ھەیە بیگوازینەوە بۆ ناوەڕاستی شار و، کەسێکیش لە پێنجوێنە و، ھەشت ساڵ خزمەتی ھەیە نەگوازرێتەوە بۆ سلێمانی؛ نموونەی دیکەیش زۆرە؛ جا بۆیە وەزیری پەروەردە پارەکە زۆر بڕیاری ھاوشێوەی ھەڵوەشاندەوە کە بۆ گواستنەوە درابوون، ئەمەش لەپێناو ڕێکخستنی میلاکات، ھەر بەم ھۆیشەوە کە ساڵی پار بەشێک لەو مامۆستایانە بە بڕوانامەی بەکالۆریۆسەوە وانەی بنەڕەتییان دەگوتەوە، گواسترانەوە بۆ ئامادەیی."

(فاتیح مەولەویزادە) گوتیشی، ئەمساڵیش بڕیار دراوە وەک پار گواستنەوە نەکرێت تاوەکو ڕێکخستنی میلاکات ته‌واو ده‌كرێ، بۆیەش ئەمساڵ لە پارێزگای سلێمانی کێشه‌مان كه‌مه‌، چونکە ناکرێت یەکێک باس لەوە بکات وادەکەی تەواو بووە پێویستە بگوازرێتەوە بۆ ناو شار، چونکە گەر وا بێت پێویستە قوتابخانەکانی دەرەوەی شار دابخرێن و چۆڵ دەبن.
گوتەبێژی وەزاەرتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتیشی، دەمانەوێت ھەر کەسە و بە هەقی خۆی بگوازرێتەوە و بە ئاشناوڕۆشنا (واستە) نەبێت، جا بەم زووانە ڕێنماییەکی نوێ بۆ گواستنەوە مامۆستایان دەردەکرێ.
مەولەویزادە سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی مامۆستایانیش، وای ڕوون کردەوە کە بڕیارە لە مانگی نۆدا گرێبەستی ئەو چوارھەزار مامۆستایە نوێ بکرێتەوە کە پارساڵ بە شێوەی گرێبەست دامەزرابوون، بەڵام ئەوانەی پابەند نەبوونە و، رۆڵێکی باشیان نەبووە لا دەدرێن و، کەسی دیکە لە شوێنەکەیان دادەنرێ، بەڵام ئە حاڵەتانە دەگەمەنە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو مامۆستایانە پێشتر مووچەکەیان دوا دەکەوت، بەڵام بڕیار دراوە کە لەگەڵ مامۆستایانی دیکە مووچەکانیان دابەش بکرێت.
بڵند ئیبراھیم