Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بــۆچـی رای گەل؟

د.عوسمانن عەلی وەیسی

مافی گەل لە رەنگڕێژکردن و نەخشاندنی هەموو رەهەندەکانی سیستەمی سیاسی لە دووتوێی رێککەوتننامە و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ و دەستوورە هاوچەرخە دیموکراسییەکان مافێکی سەلمێنراوە و، دەمێکە، قەدەر عەیامێکە، گوتراوە هاونیشتمانی، گەل سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتەکانە.


بنەمای تەندروست و سەلیم و چاک بۆ دەستەڵاتی حوکم لە بەشداری و رەزامەندیی گەل خۆی دەبینێتەوە.


ئەگەر پەرلەمان، یان هەر دەستەڵاتێک و نوێنەرایەتییەکی تری هەڵبژێردراو بڕیاری چارەنووسساز بدات، دەبێ بۆ گەل بگەڕێتەوە.


تەنها گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەکانە و ئیرادەی گەل بنەما و سەردەستەی هەموو ئیرادەکانە و سەرچاوەی سەروەری و شکۆی دەوڵەتە.


دەسەڵات و شکۆ و نوێنەرایەتی، لە گەلەوەیە و هەر بۆ گەل دەبێت و هەر لای گەلیش دەمێنێتەوە.


مێژووی مرۆڤایەتی قوربانیی زۆری داوە، بیرمەند و هزرڤانی زۆری پێشکەش کرد و بەخشی، تا ئەوە چەسپا و، لە مۆخی خەڵک و دەستەڵات چەسپا کە گەل سەردارە و لە سەرووی هەموو ئیرادە و دەستەڵاتەکانە.


لە ئێستا و لە ژیانی راگوزەری دیموکراسیەتە راگوزەرەکان، گەڕانەوە بۆ گەل و چەسپاندنی ئەم ماف و ئەرکە، بە خاڵی وەرچەرخان بۆ دیموکراسی راستەقینە و بۆ سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە قەڵەم دەدرێت.


دیموکراسیەتی نیمچە راستەوخۆ لە ئاستی جیهان نەخشی هێناوە، دادگای راستەقینە تەنها حوکمی گەلە.


گەل خوڵقێنەری دەستەڵاتەکانە و لە سەرووی هەموو دەستەڵاتەکانەوەیە، بە ریفراندۆمی گەلی بێت، یان بە پێشنیازی گەلی، یان بە ناڕەزایی گەلی، یان بە گەڕانەوە بۆ چارەسەری گەل، ماهییەتی دیموکراسیەتی هاوچەرخە.


زۆر یاسایی و شارستانییە، کە بابەتێکی گشتی بخرێتە ریفراندۆمەوە، زانایان و پێوەرە دەولییەکان دەڵێن:


گەڕانەوە بۆ گەل هەموو بابەتێک دەگرێتەوە کە پەیوەندیی بە کاروباری گشتی گەل و دەوڵەتەوە هەبێت، ئیتر ئەو بابەتە پەیوەندیی بە دەسەڵات یان لە تایبەتکاری و ئیختیساساتی دەسەڵاتی پەرلەمان یان جێبەجێکردنەوە بێت و، سروشتی ئەو بابەتە هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، تەشریعێکی دەستووری یا قانونی یا تەنانەت سیستەمێک بێت، یا راستاندن بێت لە سەر بڕیار یا گەڵاڵەنامە یا رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی، یان بۆ پێدانی ئیختیساساتێک بە دەسەڵاتێکی دیاریکراو، یان لەوانەیە بۆ راوێژکاری بێت.


دەستوورناسی جەخت دەکاتەوە کە گەڕانەوە بۆ گەل میکانیزمی سەرەکی دیموکراسیەتە و زامنی دوورکەوتنەوەیە لە ملهوڕی و دیکتاتۆریەت، چونکە گەل بە دەنگی خۆی گوزارشت لە خواستی خۆی دەکات لە هەمبەر کارێک کە دەستەڵاتێکی تر دەیەوێت بۆ خۆی ببات و قۆرخی بڕیاردان بکات، گەل دەخرێتە بەردەم حاڵەتێکەوە کە دەسەڵاتێکی نوێنەرایەتی پێشنیاز دەکات و گەلیش خاوەنداری دەکات.
هەرکاتێ حکوومەت یان پەرلەمان یان دەستەیەکی نوێنەرایەتی یان ژمارەیەک لەوان گوتیان؛ بابەتێک بخرێتە ریفراندۆمەوە نابێت هیچ رێگرییەک هەبێت و دەبێ گەل رای خۆی بڵێت. دەکرێ لە نێوان چەندین بژاردە یەکێکیان هەڵبژێردرێت.
بابەتی گەڕانەوە بۆ گەل و پیادەکردنی دیموکراسیەتی نیمچە راستەوخۆ، وێڕای پاساوە دیموکراسییە بە جێیەکان کە گەل سەردار و سەروەرە، مەسەلەیەکی جیددی و راستی هەیە، ئەویش:
رێگەگرتنە لەوەی پەرلەمان بە ناوی گەلەوە ئینفیراد بە دەسەڵات و بڕیار بدات، بە تایبەت لەو ئەرک و دەسەڵاتانەی کە زۆرینەیەک بە ناوی گەلەوە دەیکات، یان دەسەڵاتی دامەزراوەیەکی تر بە خۆی بدات.
لە گەڕانەوە بۆ گەل، هۆشیاری سیاسی و قانونی و نیشتمانی و بەرپرسیارێتی پەرەدەسێنێت و، پەروەردەی تەندروستی هاونیشتمانی دەبێتە زامنێکی سەرەکی بۆ پابەندبوون و پەیگیری بە دەستوور و سیستەمەوە.
پەروەردەی سیاسی و بایەخدان بە هاونیشتمانی ئەرکێکی گرنگی هاوبەشیپێکردنی هاونیشتمانییە لە بابەتە گشتییەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندی گشتییەوە.
بەرجەستەکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و ئازادییە گشتییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاک بەشداری لە ژیانی سیاسیدا بکات و، سەرئەنجام گەل لە فشاری نابەرپرسانە دەپارێزێت.
تەنها رای گەل و هاونیشتمانی و بەرپرسیارێتی دامەزراوە و هەموو پارتەکانە کە بە دەر لە ئەسڵی نەژاد و زمان و ئایین و زۆرینەیەک و مەزهەبێک و تەیارێک و هاوپەیمانییەک و نەتەوەیەک، سەروەری هەمووان دەپارێزێت.
ئەگەر گەڕانەوە بۆ گەل نەبێت، ئەگەر لە ترسی دادگای گەل نەبێت، دەسەڵات دەمانهاڕێت، دەسەڵاتی پەرلەمان بێت یا راپەڕاندن یان هەر دامەزراوەیەکی تر.

لە "هەولێر"ەوە