Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی پەرلەمان: گرینگە كێشەكان لە چوارچێوەی یاسا و سازاندا یەكلا بكرێنەوە

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، دید و بۆچوونی جیاوازی فڕاكسیۆنەكان لەسەر قەیرانی سەرۆكایەتیی هەرێم شتێكی ئاساییە و، گرینگە ئەم جیاوازییە لە چوارچێوەی یاسا و پاراستنی بنەماكانی دیموكراتی و سازان و، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا یەكلا بكرێتەوە. هەروەها گوتی، یەكەم كاری پەرلەمان لەم خولەدا، پرسی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی لیژنەی ئامادەكردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان و، هەروەها كاركردن دەبێ لەسەر پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.


دوای كۆتاییهاتنی پشووی هاوینەی پەرلەمان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 02-9-2015 یەكەمین دانیشتنی خولی گرێدانی پاییزەی پەرلەمانی كوردستان ساز درا. كۆبوونەوەكە كە بە بەشداریی كۆی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان ساز كرا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتارێكی دا و، پاش كۆتاییهاتینیشی، دانیشتنەكە كۆتایی هات.
(یووسف محەممەد) لە وتارەكەیدا گوتی، لە كاركردن لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن؛ لەم پێناوەیشدا پرسی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی لیژنەی ئامادەكردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بە زوویی دێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە.

سەرۆكی پەرلەمان لە وتارەكەیدا ئاماژەی دا كە، فڕاكسیۆنەكان دید و بۆچوونی جیاوازییان لەسەر قەیرانی سەرۆكایەتیی هەرێم هەیە، ئەمەیش شتێكی ئاساییە و، گرینگە ئەم جیاوازییە لە چوارچێوەی یاسا و پاراستنی بنەماكانی دیموكراتی و سازان و، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا یەكلا بكرێتەوە.

گوتیشی، لەم خولەی دانیشتنەكانی پەرلەماندا، (پێڕەوی ناوخۆ)ـی پەرلەمان لە دانیشتنە سەرەتاییەكانی ئەم وەرزەدا دەخرێتە بەرنامەی كارەوە، بە هیوای ئەوەی لە ماوەیەكی دیاریكراودا پەرلەمان ببێتە خاوەن پێڕەوێكی نوێ و پێشكەوتوو، كە ڕێگا خۆش بكات بۆ پەرلەمانتاران و فڕاكسیۆنەكانیان، بۆ ئەوەی باشتر بتوانن ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێ بكەن.

سەرۆكی پەرلەمان هەر لە چوارچێوەی وتارەكەیدا و بە هەڵوەستەكردنێك لەسەر ئەو ئاستەنگانەی بەرۆكی حكوومەتی هەرێمی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، دەڵێت، بەرپرسیارەتی لە ئەستۆی حكوومەتدایە بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامەی چاكسازی بۆ دەربازبوون لەم تەنگژە و قەیرانانەی كە هاووڵاتیانی كوردستانی لە دۆخێكی ناهەمواردا تووشی گیروگرفت كردووە و، ڕونكردنەوەی پێویست لەم بارەیەوە بە پەرلەمانی كوردستان و هاووڵاتیانی هەرێم بدات.