Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رۆمیۆ هەكاری: ناكرێت هەندێك حزب لەجیاتی ئێمە بڕیار لەسەر داهاتووی ئێمە بدەن

هەولێر-KDP.info-  سكرتێری حزبی دیموكراتی بەیت نەهرێن، رایگەیاند، (سەرۆك بارزانی) رەتی كردەوە كورسیی كۆتاكان لە پەرلەمان كەم بكرێتەوە. گوتیشی، تەواو پشتگیریی مافەكانی ئێوە دەكەم و نەك تەنیا بەرگرییش، بەڵكەشەڕ بۆ مافەكانی ئێوە دەكەم.

(رۆمیۆ هەكاری) سكرتێری حزبی دیموكراتی بەیت نەهرێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكاندا، باس لە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم كرا، هەروەها (سەرۆك بارزانی) باسی لە سەرەتای سەرهەڵدانی كێشەكە كرد كە لە 23ـی حوزەیران رووی دا تا بە ئەمڕۆ گەیشت، حزبەكانیش هەموویان ڕاوبۆچوونی خۆیان پێشكەش بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
گوتیشی: "ئێمە یەكێك بووین لەوەی نیگەرانیی خۆمان دەربڕی كە هەندێك لایەن باسی كەمكردنەوەی كورسیی كۆتا دەكەن، ئێمە دژی ئەو بیروبۆچوونەین، ناكرێت هەندێك حزب لەجیاتی ئێمە بڕیار لەسەر داهاتووی ئێمە بدەن، كە مافی خۆمانە و داوامان كرد مافی پێكهاتەكان لە دەستووردا جێگیر بكرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوو هیچ مەترسییەك لەسەر پێكهاتەكان نەبێت، (سەرۆك بارزانی) لە وەڵامدا گوتی، تەواو پشتگیریی مافەكانی ئێوە دەكەم و نەك تەنیا بەرگرییش، بەڵكە شەڕ بۆ مافەكانتان دەكەم".

(هەكاری) ئەوەیشی خستە ڕوو: "(سەرۆك بارازانی) لە كۆبوونەوەكەدا گوتی، پەرلەمان شەرعییەتی خۆی لە دەست داوە، چونكە ئەدای پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان ئەدایەكی حزبیانە بووە نەك ئەدایەكی پەرلەمانیانە و، ناچینە ئەو پەرلەمانە تا خولێكی دیكەی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، لەبەر ئەوەی پەرلەمان نەیتوانی بابەتەكە یەكلا بكاتەوە و چارەیەك بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە، كەواتە چارەكردنی كێشەكە كەوتە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان".

رابین شێروانی   رۆمیۆ هەكاری: سەرۆك بارزانی رایگەیاند، شەڕ بۆ مافەكانی ئێوە دەكەم