Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سبەی وەرزێكی نوێی كاری پەرلەمانی دەست پێ دەكاتەوە.. كارە ئاساییەكانی خۆی دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان دەڵێت: "سبەی وەرزی نوێی كاری پەرلەمانی دەست پێ دەكاتەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەیە، ئێمە دەمێكە رامانگەیاندووە كە ئەو بابەتە دەبێ لە دەرەوەی پەرلەمان لایەنە سیاسییەكان یەكلای بكەنەوە و بگەن بە سازان".

(ئومێد خۆشناو) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سبەی وەرزی نوێی كاری پەرلەمانی دەست پێ دەكاتەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەیە، ئێمە دەمێكە رامانگەیاندووە كە ئەو بابەتە دەبێ لە دەرەوەی پەرلەمان لایەنە سیاسییەكان یەكلای بكەنەوە و بگەن بە سازان".
(خۆشناو) گوتیشی: "خۆ‌ كاری پەرلەمان تەنیا پرسی سەرۆكایەتی نییە، بەڵكە كارە ئاساییەكانی خۆی دەكات، رۆژی سێشەممە دانیشتن هەیە لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كاری لیژنەی دەستووری، هەروەها پێنج پڕۆژەیاسا هەیە پێویستیان بە خوێندنەوە هەیە".
ئەوەش بەبیر دەهێنێتەوە كە، "خولی چواری پەرلەمانی كوردستان، لەسەر بنەمای رێككەوتن دروست بووە، لە ماوەی رابردوودا هەموو كارەكانمان بە رێككەوتن بەڕێ دەكرد، هەروەها گفتوگۆ و راوێژ لە نێوان سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا هەبووە، بەڵام لە قۆناخی ئێستادا بە دڵنیاییەوە ئەو ململانێیەی كە لەم ماوەیە لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم هەبووە، گۆڕانكاری بە كاری تەوافوقی دێنێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت: "ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان، ئێستایش پابەندین بە تەوافوقی سیاسی و كاری پەرلەمانییەوە، بەڵام ئەوەی پابەند نەبووە بە تەوافوقەوە لایەنەكانی دیكەن، ئێستایش هەر كارێك لەسەر بنەمای تەوافوقی نەبێ، بە دڵنیاییەوە قسەی خۆمان دەبێت".
رۆژی سێشەممە، وەرزی نوێی كاری پەرلەمانی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە، لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانیشدا كاری لیژنەی دەستووری درێژ دەكرێتەوە، هەروەها خوێندنەوە بۆ پڕۆژەی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش دەكرێت.