Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دروشمی ئاكەپە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاشكرا كرا

ئانكارا-KDP.info- دروشمی پارتیی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە" بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاشكرا كرا و، بە گوێرەی ئەو دروشمەیش بێت، ئارامیی توركیا بۆ ئەوان لە هەموو شتێك گرینگترە.

میدیاكانی سەر بە ئاكەپە بڵاویان كردەوە كە، دروشمی ئاكەپە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە (ئارامی بۆ توركیا)ـیە و هەروەها لە رووی ئابوورییشەوە بەرنامەی تایبەتیان دەبێت.
بە گوێرەی میدیاكانی سەر بە ئاكەپە بێت، بۆ ئەوەی توركیا ئارامی بە خۆیەوە ببینێت و تیرۆر لە توركیا دوور بخرێتەوە، دروشمی ئارامی بۆ توركیایان هەڵبژاردووە. هەروەها بەرنامەی باشتركردنی گوزەرانی خەڵكیان داناوە بەوەی ئەگەر بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنن، دەتوانن گوزەرانی خەڵك باشتر بكەن. لە كاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیشدا هەموو ئەو بەرنامانە دەخەنە بەر دیدی خەڵك.
بە گوێرەی ئەو بەرنامە ئابوورییەی ئاكەپە دایناوە، بۆ هەر شارێكی توركیا ئابوورییەكی سەربەخۆ دادەنرێت و پڕۆژەی گەورەیش لە هەموو شارەكانی توركیا ئەنجام دەدرێن. هەروەها بیر لەوە دەكەنەوە كە مووچەی خانەنشینان زیاد بكرێت.
جگە لە ئاكەپە، پارتیی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"ـیش دروشمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری كردووە، كە لە هەڵبژاردنی 7ـی حوزەیراندا (بەرەو پەرلەمان) بوو و بۆ ئەم هەڵبژاردنەیش (بەرەو دەسەڵات) دەبێت.
كارزان گلی