Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قاسم شەشۆ: داواكارم خەڵكی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.. ناوچاكە لە لایەن پێشمەرگەوە پارێزراوە

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە چیای شنگال دەڵێت: "ژیانی ئاوارەكانی سەر چیای شنگال زۆر باشە و هیچ كێشەیەكیان نییە و بەردەوام پێداویستیی رۆژانەیان پێ دەگات، داواكاریشم لە خەڵكی ناوچە ئازادبووەكان هەرچی زووە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، چونكە ئەو ناوچانە تەواو پارێزراون و هیچ كێشەیەكیان نییە".

(قاسم شەشۆ) فەرماندەی پێشمەرگە لەسەر چیای شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتیی خەڵكی شنگال لەسەر چیای شنگالن، ژیانی ئەوان زۆر باشە و بەردەوام حكوومەتی هەرێم و دەستگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری پێشكەش بەو ئاوارانە دەكەن، هەموویشیان چاوەڕوانی ئەوەن شنگال ئازاد بكرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
(شەشۆ) گوتیشی: "پێویستە لە ڕێگەی دەستگاكانی راگەیاندنەوە بانگەواز بۆ ئاوارەكانی شارەدێی سنوون و ئەو شوێنانەی ئازاد بوونە بكرێت، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونكە هەموو ئەو ناوچانە بە تەواوی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە پارێزراون و هیچ كێشەیەك نییە، بۆیە داواكارین هەرچی زووە ئەوانەی تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی هێز و توانایەكی دیكە بدەنە هێزی پێشمەرگەی كوردستان".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە لەسەر چیای شنگال ئاماژەیشی دا، ئێستا داعش لەناو شنگال و شوێنەكانی دیكە وەك جاران نەماون و ورەیشیان دابەزیوە و لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگەیشدا خۆیان ناگرن و تێك دەشكێن.
رابین شێروانی