Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەریتانیا پشتگیریی خۆی بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە

هه‌ولێر-KDP.info-  وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا، پشتگیریی خۆی و حكوومەتی وڵاتەكەیشی بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە. ڕایشیگه‌یاند، هەوڵە بەردەوامەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە حەواندنەوە و پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، بەرز ده‌نرخێنن.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 30/8/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (هۆن ئۆلیڤەر) وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد. لە دیدارێكدا (ئۆلیڤەر) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرسامیی خۆی بەرامبەر ڕەوشی ئارامی هەرێمی كوردستان و نەبەردی و قارەمانیی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش پیشان دا و، دەستخۆشی لە هێزەكانی ناوخۆی هەرێم كرد كە توانیویانە بە باشترین شێوە ئاسایشی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بپارێزن.


وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا هاوكات پشتگیریی خۆی و حكوومەتی وڵاتەكەیشی بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە، بە تایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش كە لە جیاتی هەموو جیهانی ئازاد دژی تیرۆر لە شەڕدان. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ لەو پاڵپشتییە بەردەوام دەبن. ئاماژەیشی دا، ئەوان شانازی بە پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن و هەوڵە بەردەوامەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی، لە حەواندنەوە و پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، بەرز نرخاند.


لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و دەستخۆشی لە حكوومەتی بەریتانی كرد كە لە سەره‌تای هەڕەشە و هێرشەكانی تیرۆرستان بە هانای هەرێمی كوردستانەوە هاتوون و هاوكارییەكی باشی هەرێمیان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان، پێویستییان بە هاوكاریی بەردەوام هەیە، بەتایبەتی لە بوارەكانی دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە.


(نێچیرڤان بارزانی) جەختی كردەوە كە، هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر خزمەتكردن و بەهاناوەهاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، پێویستی بە هاوكاریی بەردەوام هەیە، جا چ بە ڕاستەوخۆ یان بە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بێت.


گفتوگۆكردنی ڕەوشی سیاسیی عیراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە لایەك و، هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە لایەكی دیكە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.