Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانتارێک: "پێویستە وەزیری دارایی لەبارەی دواكەوتنی مووچەوە ڕوونكردنەوە بدات"

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان دەڵێت، وەزیری دارایی هۆكاری دواكەوتنی مووچەیە، بۆیە ئەوانەی وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە هۆكاری دواكەوتنی مووچە تۆمەتبار دەكەن، تەنیا بۆ مەرامی سیاسییە. بە پیویستیشی دەزانێ، وەزیری دارایی بێتە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە لەبارەی دواكەوتنی مووچەوە بدات.

(بەیار دۆسكی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی سامانە سرووشتییەكان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانەی باس لەوە دەكەن كە وەزیری سامانە سرووشتییەكان بانگهێشتی پەرلەمان دەكەن، بۆچوونی تاكە كەسییە و، لە ئێستادا هەمووان سەرقاڵی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانن و پەرلەمان خۆیشی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا كۆبوونەوەی نەكردووە، ئەمە جگە لەوەی كە لیژنەكەی ئەوانیش هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە.
دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە لەبارەی دواكەوتنی مووچە و چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بە نەوت، پەرلەمانی كوردستان دوای كۆتاییهاتنی پشوو وەزیری سامانە سرووشتییەكان بانگهێشتی پەرلەمان بكات. بەڵام (دۆسكی) دەڵێت: "هۆكاری دواكەوتنی مووچە وەزیری دارایییە و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەیە كە ئەو پارەی فرۆشراوی نەوت وەربگرێت، بۆیە پێویست بوو كاری خۆی كردبا بۆ ئەوەی مووچە دوا نەكەوێت، ئەگەر وەزیری سامانە سرووشتییەكانیش تۆمەتبار بكەن، ئەوە تەنیا بۆ مەرامی سیاسییە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان ڕوونیشی كردەوە: "ماوەی دوو مانگە پەرلەمانی كوردستان هیچ رۆڵێكی نەبووە بۆ ئەوەی بزانین كێ كەمتەرخەمە، بۆیە پێویستە وەزیری دارایی بێتە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە لەبارەی دواكەوتنی مووچەوە بدات".

بڵند ئیبراهیم