Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا غەدرێکی گەورە لە جووتیارانی ھەرێم دەکات

ھەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ خەرجنەکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی ساڵی رابردوو، بڕیاریان داوە بەم نزیکانە سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کۆ ببنەوە، چونکە چەندین جار بەڵێن دراوە و پاشان خەرج نەکراوە.

ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (بەشار مشیرئاغا) بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: سەردانی بەغدا بۆ کۆبوونەوەیە لەگەڵ وەزیری دارایی و بازرگانیدا، دەمانەوێ بزانین ئەو برەپارەیەی ساڵی رابردووی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کە نەدراوە هۆکارەکەی چییە، ھەوڵ دەدەین تا پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانیش خەرج بکرێت."

(بەشار مشیرئاغا) گوتیشی، پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو١٩١ملیاردینار ماوە و کۆی گشتیی پارەی جووتیارانی عێراق ٢٥٠ملیار دینار ماوە خەرج بکرێت، لەو بڕەیش ھەرێمی کوردستان پشکی شێری بەر دەکەوێت.
ھەروەھا گوتی، ئەمەرچی دەنگۆی ئەوە ھەیە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە ئەو بڕە پارەیە خەرج بکرێت، بەڵام دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت خۆمان بەدواداچوون بکەین، چونکە پێشتریش زۆر جار باسی خەرجکردنی کراوە و، ئێمەش زۆر ھەوڵمان داوە سوودی نەبووە، بۆیە خۆمان سەردانی بەغدا دەکەین."
ساڵێکە ئەو پارەیە نەدراوە، ئەمەیش جووتیارانی نیگەران کردووە، چونکە  سەرچاوەی داھاتیان کشتوکاڵە، بۆیە نەدانی پارەکەیان وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ "غەدرێکی گەورەیە."

بڵند ئیبراھیم