Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لوید ئۆستن: سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌موو هه‌نگاوێكدا پاڵپشتی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ (سه‌رۆك بارزانی)، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا، وێڕای ئاماژە بە ئازایەتی و لێهاتوویی پێشمەرگە، دووپاتی كرده‌وه‌ كە سوپای ئەمەریكا لە هەموو هەنگاوێكدا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت.


ئێوارەی ئه‌مڕۆ سێشەممە لە شاری هەولێر، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (لوید ئۆستن)  فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.


لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی ئەنبار و سەلاحەددین و كەركووك و نەینەوا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر ئاستی ئامادەیی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.


هەر لەم دیدارەدا هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بڕیاری توركیا بۆ بەشداریكردن لە شەڕی دژی داعش كردەوە كە كاریگەریی ئیجابی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكەدا دەبێت. لەبارەی گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە (سەرۆك بارزانی) نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەكان نیشاندا و ئەوەی خستەڕوو كە داوا دەكات هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ئاشتی و، بە پێویستیشی زانی تەركیزی گشت لایەك لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش بێت.


لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە ئازایەتی و لێهاتوویی پێشمەرگە ئەوەی دووپات كردەوە كە سوپای ئەمەریكا لە هەموو هەنگاوێكدا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت.


جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (د. فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (ئەنوەر حاجی عوسمان) بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و (جەعفەر شێخ مستەفا) و فەریق (شێروان عەبدوڵڕەحمان) و فەریق (جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و (سەفین دزەیی) گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.