Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆك بارزانی: بڕیاری به‌شداری توركیا له‌شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستان گرینگه..نابێ ئه‌و یه‌شداریكردنه بۆ به‌های لێدانی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بێ له‌ توركیا و سووریادا

هه‌ولێر-KDP.info-(سه‌رۆك بارزانی) له‌پێشوازی باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراقی فیدراڵدا، بڕیاری حكوومەتی توركیای بۆ بەشداریكردن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی تیرۆریستان بە هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەر لە قەڵەمدا لە ڕووبەڕووبوونەویە تیرۆریستان، بەڵام ئەو بەشداریكردنە نابێ بە بەهای لێدانی لایەنە كوردییەكان بێت لە توركیا و سووریا.

ڕۆژی سێشەممە 28ـی 7ـی 2015 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (فڕانك باكر) باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ و هەروەها كێشەكانی بەردەم ڕێككەوتنەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا و چۆنیەتی سەرخستنی پلانی شكستدانی تیرۆریستان لە عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
بارودۆخی سیاسی توركیا و گرژی و پەرەسەندنەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا (سەرۆك بارزانی) بڕیاری حكوومەتی توركیای بۆ بەشداریكردن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی تیرۆریستان بە هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەر لە قەڵەمدا لە ڕووبەڕووبوونەویە تیرۆریستان، بەڵام ئەو بەشداریكردنە نابێ بە بەهای لێدانی لایەنە كوردییەكان بێت لە توركیا و سووریا. هەروەها نیگەرانیی خۆی لە تێكچوونی بارودۆخەكە و پەرەسەندنە سەربازییەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە نیشان دا و جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان داڕێژەری سیاسەتی پەكەكە یان توركیا نییە بەڵكو پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتی و دانوساندن دەكات و شەڕ بە چارەسەرێكی خەراب دەزانێت و هانی لایەنەكانیش دەدات كە بگەڕێنەوە بنەماكانی پڕۆسەی ئاشتی. چونكە ئاشتی و خەباتی سیاسی خزمەتی بەرژەوەندیی گەلی كورد و توركیا دەكات.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنە باس لە پەیوەندییەكانی سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و ئاستی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی كۆمپانیا بریتانیاكان لە هەرێمی كوردستان كرا.