Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێران پاراستنی ئاساییش و ئارامی هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە

هه‌ولێر-KDP.info-له‌میانی سه‌ردانی بۆ لای سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستاندا، یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتیی ئه‌نجومه‌نی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران رایگه‌یاند كه‌ پاراستنی ئاساییش هەرێمی كوردستان بۆ ئەوان یەكێك لە كارە هەرە گرنگەكانە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدەن ئاساییش و ئارامیی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دكتۆر (ئەحمەد ئەمیری) یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا (ئه‌حمه‌د ئەمیری) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پێوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستانی لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانیی و ڕاگەیاندندا دووپات كردەوە.
هەروەها باسی لە بارودۆخی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرد و پشتگیریی وڵاتەكەی لەم شەڕەدا بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و جەختی لەوەش كردەوە كە پاراستنی ئاساییش هەرێمی كوردستان بۆ ئەوان یەكێك لە كارە هەرە گرنگەكانە بۆیە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن ئاساییش و ئارامیی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.
لای خۆیشیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە هەموو بوارەكاندا و زیاتر بەرەو پێشەوە بردنی پەیوەندییەكانی دووپات كردەوە.
هەروەك سوپاسی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی كرد كە لە سەرەتای هەڕەشە و هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێم، لەگەڵ هێزی پێشمەرگە پارێزگاریان لە هەرێمی كوردستان كرد و ئەم هەڵوێستەش جێگەی ڕێز و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.
تاوتوێكردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەم كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ، تەوەرێكی دیدكەی دیدارەكە بوو.