Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاکسیۆنی پارتی: گوشاری سەرۆکی پەرلەمان خەرقی یاسایە.. بێلایەنی لە دەست داوە چیدی وەک سەرۆک مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان ڕایگەیاند، بەو هۆیەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان بێلایەنیی خۆی لە دەست داوە و هەروەک فڕاکسیۆنی گۆڕان مامەڵە دەکات، هەروەها بەو هۆیەوەی کە گوشار دەخاتە سەر لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، کە پێچەوانەی یاسایشە، ناچارین کە وەک سەرۆک پەرلەمان مامەڵەی لەگەڵدا نەکەین.

(ئومێد خۆشناو) بە KDP.infoـی ڕاگەیاند، "ئێمە وەک فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ماوەیەکە باس لەوە دەکەین کە دەبێ کۆی پرسە نیشتیمانییەکان لە ڕێی سازانەوە یەکلا بکرێنەوە، بەڵام بەو هۆیەی کە فڕاکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان لە هەوڵدان گوشاری زیاتر بخەنە سەر پەرلەمان و لیژنەی یاسایی، هەڵبەت لەو چوارچێوەیەیشدا سەرۆکی پەرلەمانمان لە بێلایەننەبوونی و کەوتنە ژێر کاریگەریی فڕاکسۆنی حیزبەکەی و فڕاکسیۆنی یەکێتی ئاگادار کردووەتەوە، دیارە کە دوێنێیش بە سەرۆکی پەرلەماننمان گوت کە بێلایەنیت لە دەست داوە."

(خۆشناو) هەروەها گوتی، "ئەم بێڵایەننەبوونەی سەرۆکی پەرلەمان، لە کاتێکدا کە فڕاکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و دواجاریش سەرۆکی پەرلەمان خۆی، کە پێچەوانەی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان مامەڵە دەکەن و دەیانەوێ پڕۆژەیاسا تێپەڕێنن، ناچارمان دەکات چیدی وەک سەرۆک پەرلەمانێکی بێلایەن مامەڵەی لەگەڵدا نەکەین."

زیاتر ڕوونی کردەوە، "داواکەی ئەوان بۆ بەیاساییکردنی خواستەکانیان لە دەرەوەی سازانە و پێچەوانەی یاسایشە؛ دیارە جارێکی دی یەکێتی و گۆڕان بۆ زیادکردنی گوشارەکانیان کۆ بوونەوە و، سەرۆکی پەرلەمانیش گوشار دەکات و دەیەوێ سبەی چوارشەممە لیژنەی یاسایی دەربارەی پڕۆژەی چوار لایەنەکە و ئامادەکردنی ڕاپۆرت کۆ ببێتەوە؛ هەڵبەت وەها بڕیارێکیش بەپێی پێڕۆی ناوخۆ لە دەست سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانە، بەڵام سەرۆک پەرلەمان دەڵێت من خۆم سەرۆکایەتیی لیژنەی یاسایی دەکەم، هەڵبەت ئەمە خەرقی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانە."
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی گوتیشی، "هەنگاوەکانیان پێمان دەڵێن، ئەوان بڕیاریان داوە، کە سازانیان ناوێ و تاکڕۆیانە بڕیار دەدەن."