Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆ پۆستی سوپاسالار كوردێك دەستنیشان كراوە

بەغدا-KDP.info- (شاخەوان عەبدوڵڵا) جێگری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بۆ پۆستی سوپاسالاری عێراق كوردێك دەستنیشان كراوە و ناوەكەیش پێشكەش كراوە، ئێستایش چاوەڕوانی دەرچوونی فەرمان دەكەن.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) جێگری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەی دوو حەفتەیە لیوا (عوسمان غانم) لە پۆستی سوپاسالاری عێراقی بە وەكالەت دانراوە، پێشتریش داوایان كرد كە فەریق (ئەنوەر) بە وەكالەت ئەم پۆستە وەربگرێت، بەڵام وەكالەتمان قبووڵ نەكرد تا تەواو بچەسپێت و بە یەكجاری فەرمانەكەی بۆ دەربچێت، دەمانەوێت بە یەك فەرمان فەریق (ئەنوەر) دابنرێت و ‌ كەسێكیش بۆ شوێنی ئەو دابنرێت كە بۆ كوردە".
(شاخەوان) گوتیشی: "ناوی فەریق (ئەنوەر) بۆ پۆستی سوپاسالار پێشكەش كراوە و ئومێد دەكەین لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا فەرمانەكەی بگەڕێتەوە، ئەگەر نا بە هیچ شێوەیەك ئەم بابەتە لە حكوومەت ‌قبووڵ ناكەین".
جێگری لیژنەی ئاساییش و بەرگری زیاتر گوتی: "پۆستی سوپاسالاری عێراق بۆ كورد دەبێت و ناوەكەیش پێشكەش كراوە، لە ئێستایشدا چاوەڕوانی دەرچوونی فەرمان دەكەین".
ئەم قسانەی (شاخەوان عەبدوڵڵا) وەڵامێكە بۆ ئەو دەنگۆیانەی بەشێك لە مێدیاكان كە وایان بڵاو كردبووەوە كە پۆستی سوپاسالاری عێراق دراوە بە كەسێكی عەرەب و ئەو پۆستە لە دەستی كورد دەرهێنراوە.

نەشوان بەرزنجی