Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عه‌تا سه‌راوی: سه‌رۆك بارزانی زۆر گه‌وره‌یه‌ و لێ گەڕێن با سەرۆكی هەمووان بێ.. لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پاڵپشتیی په‌یامی سه‌رۆك ده‌كه‌ن

هەولێر-KDP.info-  حزبە سیاسیەكانی باشووری كوردستان پشتگیریی خۆیان بۆ پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم دوپات دەكەنەوە و، داواكەی سەرۆكی هەرێم بۆ دامرکاندنی گرژییەكانی نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیایش بەرز دەنرخێنن.

(عەتا سەراوی) ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە KDP.infoی ڕاگەیاند: "ئێمە پشتگیری لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم دەكەین و ئەمە ئەركی (سەرۆك بارزانی)یە هەوڵ بدات پەكەكە و توركیا بگەڕێنێتەوە بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی، هەر چاوەڕوانی هەڵوێستی لەم شێوەیەش لە (سەرۆك بارزانی) دەكرێت كە هەوڵی میانڕەوی بدات لەنێوان وڵاتانی توركیا و ئێران و سووریا و كوردانی ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە داگیركەرانە."

(سەراوی) ده‌یشڵێت: "هەموو حزبە سیاسییەكانی هەرێم بە چاوێكی ڕێز و گەورەوە لە (سەرۆك بارزانی) دەڕوانن؛ داوایش دەكەم سەرۆكی هەرێم وەك هەمیشە دەستپێشخەری بكات و ڕاستەوخۆ كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێمیش یەكلایی بكاتەوە و لەسەر ماددەی 19ـی ساڵی 2013 سەرۆكایەتیی هەرێمیش بگەینە دەرئەنجام بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم لە دوو ساڵی داهاتوو بتوانیت ئەركی خۆی جێبەجێ بكات. داوایش لە سەرجەم برادەرانی پارتی دەكەم واز لە سەرۆكی هەرێم بێنن، چونكە پیاوێكی زۆر گەورەیە و هاوڕێی پەنجا ساڵەی خەباتی (مام جەلال)ە و، جەنابی سەرۆك لە پارتی گەورەترە و لێ گەڕێن با سەرۆكی هەموو خەڵكی هەرێم بێت."

هاوكات (هیوا میرزا)  گوتەبێژی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامییی كوردستان بە KDP.infoی ڕاگەیاند: "هاوڕای سەرۆكی هەرێمین و پشتیوانی لە پەیامەكەی دەكەین، بۆ ئەوەی كە كێشەكانی نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا دوور بێت لە گرژی و بە ئاشتیانە چاره‌ بكرێت، داوایش دەكەین كێشەكان لە رێگای دانوستانەوە چارە بكرێت و زیاتر برەو بە گفتوگۆی ئاشتیانە بدرێت لەنێوان هەردوو لادا، پشتیوانییش لە هەرهەنگاوێك دەكەین كە دۆزی كورد لە باكوور بە شێوەیەكی ئاشتیانە چارە بكات."

لای خۆیشیه‌وه‌(د. كاوە مەحموود) جێگری سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك حزبی شیوعیی كوردستان هاوڕاین لەگەڵ پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم كە ئاراستەی پەكەكە و حكوومەتی توركیای كردووە و، پشتگیری لە هەموو هەنگاوێكی هاوشێوە دەكەین و، داوای گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە دەكەین؛ پێویستە چەك وەلابندرێت و كار بكرێت بۆ ئاشتی و دیموكراسی كە ئەم داوایەی سەرۆكی هەرێم زۆر بەجێیە و دەبێ پرۆسەی ئاشتی نەشێوێندرێت و ڕانەوەستێندرێت."

(د. كاوە مەحموود) هه‌روه‌ها گوتیشی: "بۆردوومانکردنی خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە بە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی هەرێم دەزانین و، داوا دەكەین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئەم گرژیانە بوەستێنن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ململانێی سەرەكی دەبێتەوە دژ بە ئیسلامی سیاسیی توندڕەوی وەك داعش، بۆیە دەبێ هەموو لایەك سەرجەم هەوڵەكانیان بۆ دژایەتیكردنی داعش بێت."

هه‌رچی (عەبدوڵڵا وەرتی) گوتەبێژی بزوتنەوەی‌ ئیسلامی كوردستانیشه‌ باوه‌ڕی وایه‌ كه‌، ئەم گرژی و ئاڵۆزیانەی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان پەك خست؛ چونكه‌ ئەم شەڕە نە لە بەرژەوەندیی گەلی كورددایە و نە لە بەرژەوەندیی حكوومەتی توركیایش.
(وه‌رتی) گوتیشی، ''ئەم پەیامەی سەرۆكی هەرێم ئاراستەی توركیا و پەكەكەی كرد بۆ گەڕانەوەی ئاشتی، پەیامێكی زۆر پێویست و لەجێ بوو، هەنگاوێكی زۆر گەورەش بوو، بۆیە ئێمە پشتگیری لەم هەنگاوەی سەرۆكی هەریم دەكەین، پێویستە ئێمە لە باشوور بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵی وەستاندنی ئەم شەڕە دابین، هەروەك لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمیشدا هاتووە خۆ شەڕ چارەسەری دۆزی كورد لە باكوور ناكات؛ دەشێ لە ڕێگای دیالۆگەوە ئەم كێشانە چارە بكرێت. بۆیە پێویستە پەكەكە و توركیا بەدەم پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمەوە بێن و ئەم بەزمە ببڕنەوە."

سەرباز واحید