Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كێ براوەی شەڕە

زكری مووسا

داعشێك خۆی تەقاندەوە و خەڵكی كوردی شەهید كرد. پەكەكە بۆ تۆڵەسەندنەوە بە ئاشكرا دوو پۆلیسی توركی كوشت. ژەنەڕاڵە فاشیستەكانی تورك ئەم هەلەیان قۆزتەوە و جەنگیان ڕاگەیاند.
مامەڵەی بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بۆردوومانكردنی بارەگاكانی پەكەكە لە لایەن توركیا جێگەی نائومێدییەكی زۆرە. زۆربەیان لە هەوڵی بێوچاندا بوون بۆ ئەوەی وێنەی ڕاستییەكان وەك خۆی نەگاتە خەڵك. بەشی زۆریان دەیانەویست بە زۆر ئەوە بە گوێگرانیان بڵێن كە پەلامارەكە بە ڕاوێژ و ڕەزامەندیی بارزانی بووە. ئەو بارزانییەی ڕۆژێك ئامادە نەبوو تەنانەت لەناو توركیایش پەكەكە بە تیرۆریست لەقەڵەم بدات. ئەو بارزانییەی ئامادە بوو جەستەی خۆی بخاتە ژێر دەبابەكانی تورك بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستدرێژیی سوپای تورك بكات. ئەو بارزانییەی دەیانگوت شەڕی توركیای پێ ناكرێ و دەیەوێ كوردستان لە شەڕی توركیا بگلێنێ. ئەو بارزانییەی هەموو هەوڵێكی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا و كۆبانێ خستەگەڕ و كەچی خەڵكی دی جگە لە قسەی بەتاڵ هیچیان لە هەگبەدا نەبوو.
بەهەڵەتێگەیاندنی خەڵك خزمەتی كێ دەكات؟ تاوانی خەڵكی كوردستان چییە بەردەوام لەژێر هەڵمەتی بەدگومانی و چەواشەكاریی ڕێكخستوودا بن لە لایەن میدیا حزبییە بەناو بێلایەنەكان؟
ئەوەی لەم دوو ڕۆژەدا ڕوویدا دەرئەنجامی كەڵەكەبووی ئەو هەوڵە خەستانە بوو كە فاشیستەكانی تورك و شەڕخوازانی نێو پەكەكە بۆ ڕێگری لەسەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی خستبوویانەگەڕ. گەلی كوردستان لە باكوور لەڕێی خەباتی ئاشتیانە و سیاسیی هەڵبژاردنەكانیان بردەوە و بوونە جێگەی ستاییشی جیهانیان. پڕۆسەی ئاشتی دژی چەك و خوێنڕێژی و ناسەقامگیرییە. ئەوەیان پێچەوانەی هەناسەی سالارانی شەڕە و پەراوێزیان دەخات. چارەنووسی كورد لە باكوور لە دەستی دەنگی دلێری ئاشتیخوازی و دیموكراسییە نەك نەفەسی خۆسەپێن و موخابەراتیی چەكبەدەستان. چارەنووسی كورد لە باكوور لەدەستی ئەوانە نییە كە دەیانەوێ ئۆجەلان و ئاشتی بخەنە دەرەوەی دۆزی كورد لە توركیا.
براوەی سەرەكی لە پەرەسەندنە سەربازییەكان بە پلەی یەكەم جەنەڕاڵە فاشیستەكانی توركیا و باڵی توندڕۆی پەكەكە و وەحشیگەریی داعشە، دۆڕاوی ئەم ڕووداوانە پڕۆسەی ئاشتی و خەباتی سیاسیی كوردە لە توركیا كە هەنگاوی زۆر مەزن و سەربەرزانەی هاوێشتووە.