Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەڵامی ساڵح موسلیم درایەوە.. دەقی نامە سوپاسگوزارییەکەی بۆ سەرۆک بارزانی بڵاو کرایەوە

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکیدا و بە بەڵگەوە، لیستی ئەو ئەو هاوکارییە سەربازیانە کە ڕەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراوە و دەقەی نامەیەکی (ساڵح موسلیم) هاوسەرۆکی پارتی یەکیتی دیموکرات (پەیەدە) بڵاو دەکاتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا کە بۆ ماڵپەڕی KDP.info نێردراوە هاتووە، هاوكاریكردنی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا و یارمەتیدانی كۆبانێ ئەركێكی نەتەوەیی بوو. هەر لە سەرەتای دەستپێكی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر ڕۆژئاوا هەتا ئێستا سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوام و بە شێوازی جۆراوجۆر یارمەتیی مرۆیی و سەربازیی ڕۆژئاوای داوە.

 

دەقی ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتیی كوردستان
هاوكاریكردنی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا و یارمەتیدانی كۆبانێ ئەركێكی نەتەوەیی بوو. هەر لە سەرەتای دەستپێكی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر ڕۆژئاوا هەتا ئێستا سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوام و بە شێوازی جۆراوجۆر یارمەتیی مرۆیی و سەربازیی ڕۆژئاوای داوە. بۆ ئاگاداربوونی ڕای گشتیی كوردستان لیستی ئەو چەك و پێداویستییە سەربازیانە كە لە ڕێككەوتی 6ـی 8ـی 2013 هەتا 30ـی 6ـی 2015 هەرێمی كوردستان بۆ خەڵكی ڕۆژئاوا ناردوویەتی بڵاو دەكەینەوە.
هەروەها نامەی سوپاسگوزاریی ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدە دەخەینە بەر دیدی ڕای گشتیی كوردستان كە لە 15ـی 10ـی 2014 بۆ بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ناردووە و، تێیدا سوپاسی بەڕێزیان دەكات لە بەرانبەر ئەو چەك و یارمەتیانەی هەرێم ڕەوانەی كردووە بۆ پشتگیریی شەڕڤانان لە ڕۆژئاوا.

گوتەبێژێك لە فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان
25ـی 7ـی 2015

 

دەقی نامەی سوپاسگوزاری و داواكاریی (ساڵح موسلیم) هاوسەرۆكی پەیەدە بۆ (سەرۆك بارزانی)

بەڕێز مەسعوود بارزانی

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

لە دڵەوە سوپاسی پاڵپشتیی ئێوە دەكەین لەبەرانبەر ئەو بەرخودانە پیرۆزەی كە لە كۆبانی و لە گشت ڕۆژئاوای كوردستاندا بەردەوامە.

لە گەڵ ئەم نامەیە لیستی پێداویستییە بەپەلەكانی خۆمانتان بۆ دەنووسین. وەك چۆن قسەمان لەسەری كردووە. ئومێدەوارین لە ماوەیەكی كورتدا دابین بكرێت.

لە گەڵ ڕێزی لە دڵەوە.

ساڵح موسلیم

15.10.2014