Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نووسنیگەی رۆژنامەوانییەکەی: فازڵ میرانی بە قسەی نەشیاو وەڵامی نەوشیروان مستەفای نەداوەتەوە

پیرمام-KDP.info-  نووسینگەی رۆژنامەوانیی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە روونكردنەوەیەكدا وەڵامی هەندێ ماڵپەڕ و تۆڕی كۆمەڵایەتی دەداتەوە كە هەواڵێكیان بڵاو كردووەتەوە گوایە (فازڵ میرانی) لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا بە توندی و بە قسەی نەشیاو وەڵامی (نەوشێروان مستەفا)ـی داوەتەوە، نووسنیگەی (میرانی) تەواوی ئەو هەواڵە رەت دەكەتەوە و دەڵێت، لە راستییەوە دوورە و ئەمە بە هیچ شێوەیەك نە لە رەوشت و مۆڕاڵی پارتی و نە لە هیی (میرانی) دەوەشێتەوە.

دەقی روونكردنەوەكەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی کە بۆ KDP.info نێردراوە:
روونكردنەوەیەك لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە
هەندێ وێبسایت و تۆڕی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی هەواڵێكیان بڵاو كردۆتەوە كە گوایە بەڕێز (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا بە توندی و بە قسەی نەشیاو وەڵامی بەڕێز (نەوشیروان مستەفا)ـی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی داوەتەوە، بۆیە ئێمە لە نووسنیگەی بەڕێز (فازڵ میرانی) تەواوی ئەو هەواڵە رەت دەكەینەوە، چونكە لە راستییەوە دوورە، هەروەها ئەمە بە هیچ شێوەیەك نە لە رەوشت و مۆڕاڵی پارتیی دیموكراتی كوردستان و نە لە هیی بەڕێز (میرانی) دەوەشێتەوە كە ئەم جۆرە قسانەیان بە دەمدا بێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە كە پێویستە هەموو كۆبوونەوەیەك كە ساز دەكرێت، پیرۆزی و تایبەتمەندیی خۆی هەبێت.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی فازڵ میرانی
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
25/7/2015