Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كڕواتیا: بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردنی هەرێم دژ بە داعش

كڕواتیا-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم، سەرۆككۆماری كڕواتیا ڕایگەیاند، تێگەییشتنیان بۆ ئەو ئاستەنگانە هەیە كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە و، بەردەوامبوونی وڵاتەكەیشی لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستیانی داعش، دووپات كردەوە.

بەر لە گەڕانەوەی لە ڤیەنناوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە دوایین وێستگەی سەردانەكەیان بۆ كڕواتیا، (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم چاوی بە خاتوو (كۆلیندا گاربەر كیتراوۆڤیچ) سەرۆككۆماری كڕواتیا، كەوت.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا (فەلاح مستەفا) سوپاسی سەرۆككۆماری كرد بۆ ئەو دەرفەتە و سڵاو و ڕێزی (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی پێ ڕاگەیاندن و سوپاسی كۆماری كڕواتیای كرد كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیدا دژی داعش پشتگیری لە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە لە ڕووی ناردنی چەك و پێداویستیی سەربازییەوە.
دواتر بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە پوختەیەكی دەربارەی مێژوو و قۆناخەكانی پەرەسەندنی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی سیاسی و سەربازی و مرۆیی ئەمڕۆی پێشكەش بە بەڕێزیان كرد كە ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ دژی تیرۆریستان بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر شەڕ دەكەن و نزیكەی 1,8 ملیۆن ئاوارە و پەنابەریش لە هەرێمی كوردستان دەژین و پێویستیان بە هاوكاریی زیاتر هەیە.
لە بەرانبەر خاتوو (كۆلیندا گاربەر كیتراوۆڤیچ) سەرۆككۆماری كڕواتیا ئەوەی خستە ڕوو كە، كڕواتیا تێگەییشتنی هەیە بۆ ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە و پابەندبوونی بەردەوامیی وڵاتەكەی دووپات كردەوە لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستیانی داعشدا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا بیروڕایان دەربارەی ڕەوشی ئێستای عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرد. هەروەها هەردوولا كۆك بوون لەسەر پەرەپێدان و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كڕواتیا و هاوكاری و هەماهەنگی لەو بوارانەی كە جێگەی بایەخی نێوان هەردوو لایە.
جێگەی ئاماژەیە، (یوسیپ بولیێڤیچ) ڕاوێژكاری سەرۆككۆمار بۆ كاروباری بەرگری و ئاساییشی نیشتیمانی و (د. مستەفا ڕەمەزان) نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە نەمسا و (شێرزاد ئازاد سوڵتان) ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و (تۆفیق ڕەحمان) بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و (نیاز بارزانی) بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندن، ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.