Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەوشیروان مستەفا چیی دەست کەوت؟

بەختیار شاخی

پێشکەشکردنی پڕۆژە بۆ هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە، ڕێک دوای گۆڕان و هاوکات لەگەڵ سێ حزبە ئیسلامییەکە، بۆ پارتی یەک مانای هەبوو: یەکێتی، بەتەڵەوە بوو! هەڵبەت تەڵەیەک کە ڕەنگە لای دەستڕۆییشتووەکانی یەکێتی بەمانای ئازادی بێت و لای چاودێرانیش نیشانەی دەربازبوون لە قەفەسێک و چوونە ناو قەفەسێکی تەسکتر! ڕاوچییەکەش، بەڕێز نەوشیروان مستەفایە کە دووجار خۆشحاڵە، جارێک کە توانیویەتی یەکێتی ڕاو بکات، جاری دووەمیش بۆ ئەوەی کە بە ڕاوکردنی یەکێتی، توانیویەتی ئازاری پارتی بدات.

ئەم خوێندنەوەیە لەچییەوە هاتووە؟

لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، نەوشیروان مستەفا، بە درووشمی چوارساڵی ئارام، لایەلایەی بۆ پارتی کرد تا بچێتە خەوێکی قووڵی متمانەوە و دەستی نەوشیروان کراوە بێت لەوەی کە بەشێنەیی بخزێتە ناو ماڵە کۆنەکەی خۆی و بەڕەیەک کە خۆی بە خاوەنی دەزانێت لەژێر پێی بەرژەوەندییە هابەشەکانی پارتی و یەکێتی دەربهێنێت و خۆی وەک باوکێکی دڵسۆز پێشانی منداڵە تۆراوەکانی بدات. ئەو بەڕێزە توانی دەنگۆی مەزڵومییەتی یەکێتییەکان بخاتە سەر دەمی بەشێکی زۆری کادیران و سەرکردایەتیی یەکێتی و هێند بە سۆزەوە ئەوانی لاواندەوە کە زۆربەیان بگەنە ئەو بڕوایەی کە یەکێتی خەریکە ئاو دەیبات و ئەگەر ئەو فریایان نەکەوێت، ناگەنە مەنزڵ. ئەو بەڕێزە لەوەدا باش یاریی کرد کە لە یەک کاتدا ئیشی لەسەر هەموو باڵەکانی یەکێتی کرد و کەسیانی پەراوێز نەخست، لەولاشەوە بێ جیاوازی، لای کادیرانی ناوەندی و قەواعیدی یەکێتی، سەرکردایەتیی یەکێتی بە لاواز و دەستوپێ سپیی پێشان داوە، بەجۆرێک کە توانای بڕیاردان و بەڕێوەبردنیان نییە. نەهێشتنی متمانە لەنێوان سەرکردایەتی و جەماوەری، یەکەم هەنگاوی خۆ دەرخستن وەک ڕاهێنەرێکی فریادڕەس بوو، ئیدی ئەوانی ناچار کرد بێنەوە ژێر چەتری بڕیارەکانی ئەو. ئەو وەک باوکێک، باڵە ناکۆک و تۆراوەکانی کۆکردەوە تا دواتر و لەکاتی گونجاوتردا باشتر بیانترازێنێ.

نەتانپرسی؟ بەڕێز بەرهەم ساڵح، کە بە فەرمی ڕای گەیاندبوو کە تا کۆنگرەی داهاتوو جگە لە ئەندامێکی سادەی یەکێتی، هیچ پۆستێکی لەناو یەکێتیدا نەماوە، کەچی وەک جێگری دووەمی سکرتێری گشتی، دێتەوە مەیدان و لەپاڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانیدا ئامادەی پرێس کۆنفڕانس دەبێت تا پەیامێک بدات: ئیتر ئێمە هاوشانین، هەردوو کەسی دووەمی حزب! مەسەلەکە ئەوەیە، کاک نەوشیروان دەیەوێ ڕۆڵیک بداتە کاک بەرهەم تا وەک مونافسێکی بەهێز دەربکەوێت، مونافسێک کە دەتوانێت لەبیری بکات باڵی دەستڕۆیشووی حزبەکەی نەیانهێشت ببێتە سەرۆک کۆمار، بەڵام زۆرتر لە پارتی داخدارە و بڕوای وایە ئەگەر پارتی هاوکاریی کردبا دەگەیشتە ئاوات.

ئەم گێڕانەوەیە بۆ؟

ئەگەر ئەو باکگراوەندە نەزانیت، لەوە تێ ناگەیت کە بۆچی ئێستا یەکێتی بە زمانێک قسە لەگەڵ پارتی دەکات کە زۆر لە هیی گۆڕان دەچێت، هاکا، قسەی گۆڕان لەوەی یەکێتییش نەرمتر دەرکەوێت، چونکە نەوشیروان مستەفا لەوەدا سەرکەوت کە یەکێتی بخاتە سەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکە و ئیدی کاتییەتی خۆی ببێتە تەماشاچی.

ڕەنگە هەندێک چاودێری سیاسی هەبن کە ئەمە بە سەرەتایەکی نوێ بۆ کوردستان بزانن کە هەم دەشێ خێری هەبێت و هەمیش مەترسی، خێر لەوەی کە ئیدی پارتی بۆ هەرکارێک ناچار نەبێت لەگەڵ گۆڕان و باڵە جیاوازەکانی یەکێتیدا بکەوێتە دیالۆگ و ئیتر ڕێگای گردی زەرگەتە بگرێتەبەر، مەترسییش لەوەی کە ئەوە سەرەتای لێکترازانی گەورەتری ڕیزەکانی کوردستان بێت.

هەڵبەت بە دڵنیاییەوە، نەوشیروان مستەفا، وەک سیاسەتوانێک کە ئەزموونی زۆری لەگەڵ پارتی هەیە، دەزانێت کە بەزاندنی پارتی شتێکە وەک مەحاڵ، ئەو دەزانێت کە لێدانەکانی ڕابردوو پارتییان نەخستووە، بەڵکوو هەموو جارێ بەهێزتریان کردووە، ئاخر هێشتا نەگەیمی یەکەمی یارییەکە تەواو بووە و نە دەشتواندرێت پێشبینیی ئەوە بکرێت ئاخۆ پارتی هەر لەم گەیمەدا یارییەکدا دەگۆڕێت، یان لە گەیمی دووەمدا بە چیی سوپرایزێک بەرانبەرەکانی سڕ دەکات! بۆیە پێشبینی ناکرێت ئامانجی کۆتایی کاک نەوشیروان، خستنی پارتی بێت، ئەو شتێکی دیکەی دەویست و وەدەستیشی هێنا.

ئێستا ڕەنگە کاک نەوشیروان لەبەردەم دووڕییانێکدا بێت، ئایا ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە کە توانیویەتی سێ حزب بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و هەمیش ببێتەوە بە خاوەن بڕیاری ڕاستەقینەی یەکێتی و قائیدی ئەوحەدی زۆنی سەوز؟ یان حیساب بۆ بەرژەوەندیی گشتیی کوردستان بکات و ئەو ڕۆڵەی بۆ یەکخستنی زیاتری تواناکانی کوردستان بەکار بهێنێت؟