Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیار دراوە دەسەڵاتی دابینکردنی بەنزین بدرێتە پارێزگاکان

هه‌ولێر-KDP.info-جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ لەمەودوا دەسەڵاتی دابینکردنی بەنزین دەدرێتە پارێزگاکان تا خۆیان بە گوێرەی ڕێنمایی و بەپێی پێویست بەنزینی باش دابین بکەن و، بازاڕیش کاری خۆی بکات.

(دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی وەزیری سامانە سروشتیەکان و لیژنەی سامانە سروشتییەکان باس لەوە کراوە لەمەودوا دەسەڵاتی دابینکردنی بەنزین بدرێتە پارێزگاکان خۆیان؛ بۆ خۆیان بەنزینی باش بکڕن و، بە گوێرەی ڕێنمایی دابەشی بکەن. پارێزگاکان خۆیان دەزانن چەندە بەنزینیان پێویستە و، لەگەڵ کێدا گرێبەست دەکەن؛ بازاڕەکەیش دەبێتە بازاڕێکی ئازاد، بەڵام تاوەکو ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت نرخی بەنزین وەکو خۆیەتی و، لیترێک هەر ٧٠٠ دینارەکەی جارانە."

(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، کەینێ دەسەڵاتەکە درایە پارێزگاکان، ئەو کاتە بازاڕیش ئازاد دەبێت و، هەموو کەسێک دەتوانێ بەنزین بهێنێت و، بە پارێزگای بفرۆشێتەوە؛ دیارە پارێزگایش لەویانی دەکڕێتەوە کە بەنزینەکەی باش و هەرزان بێت؛ کەوابوو دەبێتە کێبڕکێیەکی وا کە خەڵک خێری لێ ببینێت.

بڵند ئیبراھیم