Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی نوێی نووسینگەی هەماهەنگیی ئاسایشی هێزەكانی ئەمەریكا بە سەرۆكوەزیران ناسێنرا

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی كوردستان، دەسخۆشیی لە ژەنەڕاڵ بێدنارك كرد كە لە ماوەی دووساڵی كارەكەیدا توانیویەتی ئەركەكانی بە باشی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات و هیوای سەركەوتنی لە ئەركە نوێكەی بۆ خواست و لە هەمان كاتدا بەخێرهاتنی ژەنەڕاڵ لاكامێرای كرد و هاوكاری و هەماهەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی بۆ دووپات كردەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 30/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژەنەراڵ بێدنارك بەرپرسی نوسینگەی هەماهەنگیی ئاسایشی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی سەربازی و دیبلۆماسی یاوەری كرد كە بە بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی لە عێراق وناساندنی جەنەڕاڵ لاكامێرا وەك بەرپرسی نوێی نوسینگەی هەماهەنگیی ئاسایشی هێزەكانی ئەمەریكا، سەردانی سەرۆكوەزیرانی كرد.
لە دیدارێكدا (بێدنارك) سوپاسی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی كرد كە لەو ماوەیەی  لە عێراق بە گشتی و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان كاریان كردووە، تەواوی ئاسانكاری بۆ ئەركەكانیان كراوە و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش لە بەرەكانی جەنگ بەرز نرخاند و بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیریی ئەمەریكاشی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دووپات كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بارودۆخی ناوچە جیاجیاكانی عێراق و بە تایبەتی ئەو دەڤەرانەی لە ژێر كۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعشدان و شێوازی هاوكاریی ئێستا و داهاتووی نێوان هێزەكانی هاوپەیمان و سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ باشتر ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی هەڕەشە و ترسی تیرۆر ، خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانەكەیانی كرد و دەسخۆشیی لە ژەنەڕاڵ بێدنارك كرد كە لە ماوەی دووساڵی كارەكەیدا توانیویەتی ئەركەكانی بە باشی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات و هیوای سەركەوتنی لە ئەركە نوێكەی بۆ خواست و لە هەمان كاتدا بەخێرهاتنی ژەنەڕاڵ لاكامێرای كرد و هاوكاری و هەماهەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی بۆ دووپات كردەوە.
هەروەها سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و بە تایبەت هێزەكانی ئەمەریكای كرد كە لە سەرەتای هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبوو بۆ لەناوبردنی مەترسیی تیرۆر و دوورخستنەوەیان لە هەرێم.
لە كۆتایی دیدارەكەدا ژەنەڕاڵ بێدنارك نامەیەكی ڕێز و پێزانینی نوسینگەی هەماهەنگیی ئاسایشی هێزەكانی ئەمەریكای لە عێراق پێشكەش بە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد و سوپاسی هاوكاری و ئاسانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كارەكانی كرد.