Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

CIA: هەر لە دەست کورد ڕابکات، ڕاوی دەکەین.. بەغدایی خۆی لەنێو هاووڵاتیانی ڕەققەدا حەشار داوە

لەندەن-KDP.info-  هەوڵەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هێنانەدەرەوەی ئەمیری داعش(ئەبوبەکر بەغدایی) و گەورەسەرکردەکانی دیکەی ئەو ڕێکخراوە، لە ناوچەی ڕەققە چڕ کراوەتەوە.
لەوەتەی چەکدارە کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان گویشتوونەتە ٣٥کم باکووری ڕەققەی پایتەختی دەوڵەتەکەی دا'ش، واشنتن چاودێریی جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش دەکات، کە لە هەوڵدان لە شوێنێکی دیکەدا خۆیان جێگیر بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، لەنێو دەستگای هەواڵگرییەکانی ئەمەریکادا وەها بڵاو بووەتەوە کە، (بەغدایی) هێشتا لەنێو دانیشتوانە مەدەنییەکەی ڕەققەدا خۆی حەشار داوە، ئەم هەوڵەیشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەزانێ ئەمەریکا لەسەر بنەمای پێکدادانەکان هاووڵاتیان ناکاتە ئامانج.

وەک بەرپرسانی ئەمەریکایش درکاندوویانە، هێزی تایبەتەکانی ئەمەریکا لە ئێستادا بە چڕی هاوکاریی هێزەکانی کورد دەدەن تا بەرەو ڕەققە پێشڕەوی بکەن.

گەورەبەرپرسێکی ئەەمریکایی دەڵێ، زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژەن بەوەی کە پێمان وابێ (بەغدایی) هێشتا لە ژیاندا ماوە و تەواو لەسەر خۆیەتی؛ جەختیش دەکاتەوە کە، وڵاتەکەی زانیاریی هەواڵگریی لە کەناڵی جیاوە هەیە کە جەخت لەسەر هەمان زانیاری دەکەنەوە.

ئەو گەورەبەرپرسەی ئەمەریکا هەروەها دەڵێ، (بەغدایی) زۆرتر لە (ئەیمەن زەواهیری) دەچێت، نەک (ئوسامە بن لادن)؛ ئەو (زەواهیری) لە پرۆسەی ڕۆژانەدا بەشداری دەکات و زۆر باشیش دەزانێ چۆن خۆی لە سەرنجدان دوور بگرێت. (بەغدایی)ـیش بە هەمان شێوەیە، باوەڕیشی وایە کە ئەمەریکا هێشتا ناتوانێ شوێنی (زەواهیری) بدۆزێتەوە، دیارە کە گومانێکیشیان هەیە لەوەی بارەگا تەقلیدیەکەی لە پاکستان بێ.

 

ئەگەرچی ئەمەریکا چەند باڵاخانەیەکی لە نێوەراستی ڕەققە خستبوونە نێو ئامانجی ئاسمانەهێرشەکانی، بەڵام لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی مەدەنینینشین بووە، گورزەکەی لێ نەوەشاندووە.
لە ئاستانەی نزیکبوونوونەوەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستانیش، سی ئای ئەی سەرنجی داوە و زانیویەتی کە، لە بەرەکانی شەڕی بەری باکووری ڕەققە چەکی زیاتر دابین کراوە. بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمەریکایی، داعش بۆ بەرگری لەو شارەی کە بە پایتەختی خۆی ناساندوویەتی، خەندەق، سەنگەر، ئامێری تەقاندنەوە و بەربەستی ئامادە کردوون.
ئەگەرچی هێشتا ڕوون نەبووەتە کە کوردەکان بەرەو ناو شاری ڕەققە هەڵمەت دەبەن، بەڵام ئەمەریکا بۆ ئەم مەبەستە هاوکارییە سەربازییەکانی دەخاتە بەر دەستیان.
ئەمەریکا باوەڕیشی وایە کە، هێزە کوردییەکان دەست بەسەر بەشی هەرەزۆری سنووری ڕۆژاوای عێراق بەرەو کۆبانێدا دەگرن. لەبەر ئەوە هەندێکی بەرپرسانی ئەمەریکا وایدەبینن کە، ئەم دواهێرشەی داعش بۆ سەر کۆبانێ، بۆ دوورخستنەوەی ئاراستەی هەر هێرشێکی چەکدارانی کورد بووە بۆ سەر ڕەققە.


هەر بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکایی، هەوڵی داگیرکردنەوەی کۆبانێ لە لایەن داعشەوە کتوپڕ نەبوو، چونکە کوردەکان زۆرێک لەو ڕێگایانەیان گرتوون کە داعش لێیانەوە بگاتە سنووری تورکیا.

دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە داعش بەرەو ڕۆژاوای سووریا بچێت کە مەبەستیەتی دەروویێکی دیکەی سنووری بدۆزێتەوە، ئەمەیش وای کردووە گرفت بۆ کردە سەربازییە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دروست بکات، چونکە ناوچەگەلێک هەن کە مووشەکی دژەفڕۆکە و سیستمی ڕاداری حکوومەتی سووریا  تێیاندا چالاکە و هێشتا کار دەکەن، هەڵبەت ئەمەیش تاکە پرسە کە ڕەنگە مەترسی بێ بۆ سەر فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانانی دژ بە داعش کە ئەمەریکا رابەرایەتی دەکات.

زریان زیاد