Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێشتا شوێنگرەوەی دیاری نەکراوە.. خانەنشینکردنی زێباری لەسەر داوای خۆی بووە

به‌غدا -KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند، سوپاسالاری عێراق لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە، چونکە چەند جارێک ئەو داواکاریەی پێشکەش کردووە و رەت کراوەتەوە، بەڵام ئەم جارە سوورە لەسەر ئەوەی خانەنشین بکرێت و فەرمانەکەی دەرچووە و لە چەند رۆژی داھاتوویشدا کەسێکی دیکەی کورد لە شوێنی ئەو دادەنرێت.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بە KDP.infoی راگەیاند: "سوپاسالاری عێراق (بابەکر زێباری) داوای کردووە خانەنشین بکرێت و، دوێنێیش فەرمانی خانەنشینکردنەکەی دەرکرا، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت کورد کاندیدێک لە شوێنی ئەو دیاری بکات و ئەویش واز لە پۆستەکەی خۆی بھێنێت و بگەرێتەوە ھەرێمی کوردستان."


سوپاسالاری عێراق فەریق روکن (بابەکر زێباری)  کە وەک خۆی دەڵێ ئەمە چوارەم جارە داوای لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە، بە دەستبەرداربوونی لە سەرۆکئەرکانی سوپای عێراق ڕازی ببێ و خانەنشین بکرێت، هەڵبەت دوێنێ دووشەممە ئەم ڕەزامەندییە نیشان درا.  نووسینگەکەی وای بەKDP.infoڕاگەیاند.

لە پێوەندیێکی تەلەفۆنیدا نووسینگەی (بابەکر زێباری) بۆ KDP.infoجەختی کردەوە کە، لە راستیدا داوای خانەنشینکردنی سوپاسالاری عێراق، لەسەر داوای خۆی بووە و، بەم جارەوە دەبێتە چوارەم جار و، دوای ڕەزامەندیی (سەرۆک بارزانی) لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی، (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ڕەزامەندیی نیشان داوە تا (زێباری) فەرمانی خانەنشینکردنەکەی بۆ دەرچێت.

(شاخەوان عه‌بدوڵڵا)ـیش گوتی: "پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو جار فەرمانی خانەنشینکردنی کۆمەڵێک گەورەئەفسەرى دەرکردووە بە ژمارەکانی ١٠٢٢و١٢٢٥، بەڵام ناوی (زێباری) لە ناو لیستەکاندا دەرهێنراوە، لەبەر ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەکردبوو جارێ ئێمە کاندیدی خۆمان بۆ شوێنی ئەو یەکلایی نەکردووەتەوە و، ھەرکاتێکیش یەکلایی بکەینەوە ئەوکات با خانەنشین بکرێت.

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگرى ئەوەشی خستەڕوو، (زێباری) ئەم جارە پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی ئەگەر خانەنشین نەکرێت و تاچەند رۆژی دیکە کەسێک لە شوێنی ئەو دیاری نەکرێت، ئەوا دەگەرێتەوە ھەرێمی کوردستان، بۆیە لەئێستادا چەند کەسێک کاندیدن و یەکێک لەوانە یەکلایی دەکرێتەوە و لە شوێنی ئەو دادەنرێت.

(بابەکر بەدرخان شەوکەت زێباری)، لە ساڵی 2003 ـەوە دوای رووخانی حکوومەتەکەی (سەددام حوسێن)، لەسەر پشکی کورد و لەنێو کوردیش لەسەر پشکی پارتیی دیموکراتی کوردستان بووە بە سەرۆکئەرکانی سوپای عێراق.

بڵند ئیبراھیم- حەکیم حیکمەت