Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكوه‌زیران: 23ی حوزێران بنەمای سازان پێشێل كرا.. نابێ ڕەنگدانەوەی لەسەر حكوومەت هەبێت

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستاندا، (نێچیرڤان بارزانی) باسی لە دانیشتنی 23ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرد كە بووە مایەی دروستكردنی نیگەرانی و ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان و، بنەمای سازان پێشێل كرا؛ هاوكات ئەوەیشی دووپات كردەوە كە، نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەو هەنگاوەی پەرلەمان ڕەنگدانەوەی لەسەر حكوومەت هەبێت كە حكوومەتێكی بنكەفراوانە و، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستا بە تەبایی و یەكڕیزی كارەكانی خۆی ئەنجام داوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 29/6/2015 بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی بەست.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرەتا سەرۆكوەزیران لە وتەیەكدا باسی لە دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەردوولا كرد و ئاماژەی دا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ئەركانەی جێبەجێ كردووە كە بەپێ یاسای بودجەی فیدرالی ساڵی 2015 لەسەر شانیەتی، بەڵام بەداخەوە هێشا بەغدا بە تەواوی پابەندی یاسای بوجەی فیدرال نەبووە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی وەك لە یاسای بودجەدا هاتووە، نەناردووە، لە كاتێكدا ڕۆژ دوای ڕۆژ باری هەرێمی كوردستان بەهۆی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و هاتنی بەردەوامی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێم و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، قورستر دەبێت.

(نێچیرڤان بارزانی) ئەوەشی خستەڕوو كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگ و كێشانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و، لەم نێوەندەشدا پشتگیری لەوە دەكات كە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بكات، بەڵام گەر چارەسەر نەكرا ئەوا حكوومەت سەرپشكە چۆن ئەو كێشانە چارەسەر بكات بەپێی یاسای بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی هەرێم ژمارە 5ی ساڵی 2013 بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) باسی لە دانیشتنی 23ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرد كە بووە مایەی دروستكردنی نیگەرانی و ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان و، بنەمای سازان پێشێل كرا، كاتێك بێ پرسكردن بە لایەنەكانی دیكە و بەهەندوەرنەگرتنی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان وەها دانیشتنێك ئەنجام درا، بەڵام هەوڵەكان بۆ سازان و لەیەكتر تێگەیشتن لەنێوان سەركردە سیاسییەكان و هەموو لایەنەكان بەردەوامە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو.
سه‌رۆكوه‌زیران ئەوەشی دووپات كردەوە كە، نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەو هەنگاوەی پەرلەمان ڕەنگدانەوەی لەسەر حكوومەت هەبێت كە حكوومەتێكی بنكەفراوانە و لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستا بە تەبایی و یەكڕیزی كارەكانی خۆی ئەنجام داوە. هیوایشی خواست هەموو لایەنێك وەك كابینەی حكوومەت بە تەبایی و یەكڕیزی كار بكەن.

دواتر لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی وەرگرتنی قەرز لە بانكە جیهانییەكان لە ژێر ڕۆشنایی یاسای ڕاكێشانی مایە لە ڕێگەی قەرزكردن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ژمارە 7ی ساڵی 2015 كە لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە لە ڕۆژنامەی وەقائعی كوردستان بڵاو كراوەتەوە، لەلایەن هەریەك لە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرانی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەكان بۆ ئەنجوومەن خرایەڕوو.

(قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران وردەكاریی ئەو پڕۆژەیە و ئەو گفتوگۆیانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ چەند ناوەندێكی دارایی نێودەوڵەتی ئەنجامیان داوە، بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی باس كرد و ئاماژەی دا، كە ئەم هەنگاوە نەك تەنیا لە ڕووی داراییەوە دەبێتە هاوكار بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە ڕووی سیاسییشەوە جێگە و پێگەی هەرێمی كوردستان زیاتر بەهێز دەكات و متمانەكردن بە بازاڕی كوردستان دروست دەكات، كاتێك كە بۆندی هەرێمی كوردستان بخرێتە بازاڕەوە و لە هەمان كاتدا یەكێكە لە سەرچاوەكانی زیادكردنی داهات و هەرێمی كوردستان سودی لێ دەبینێت و پرۆژە حزمەتگوزارییەكانی پێ دەبوژێنتەوە.

كۆبوونەوە پشتگریی لەو پرۆژەیە كرد و بڕیاری دا لیژنەیەكی تایبەت بۆ جێبەجێكردنی یاسای ڕاكێشانی مایە ژمارە 7ی ساڵی 2015 پێكبهێرێت لە چوارچێوەی ئەو یاسایەشدا كاری یاسایی پێویست ئەنجام بدرێت.

لە كۆتاییشدا چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە كار و چالاكییەكانی وەزارەتە جیاجیاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خرانە ڕوو و ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی باشتر بەرێوەبردنی كاروبارەكان بڕیاری پێویستی لەبارەوە دان.