Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عارف ڕوشدی: گرەوەکەیان دۆڕاند

هەولێر-KDP.info-  ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت:  "ئەوانەی بانگەواز و، هاشوهۆشی ڕاگەیاندنیان بەگەڕ خست و، باسی گرژی و ناخۆشییان دەکرد، گرەوەکەیان دۆڕاند و، ئەو خواستەیان لەسەر دەستی نوێنەرانی لیستی پارتیی و، ئەو لیستانەی هێمنی و سازانی نیشتمانییان دەوێ، لەبار برا؛ سەلماندیان کە ئەو هەوڵە نەزۆکە تەنها درۆیەکی شاخدارە و، خەڵکی کوردستان لێی بێزارە."


ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان (عارف ڕوشدی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی کوردستاندا ڕووی دا جگە لە سەپاندنی هەندێک ئەجیندای هەندێک لایەن چیتر ناگەینێ، ئەوەش پێچەوانەی شێوازی کارکردنی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان کە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای سازانی سیاسی و نیشتمانییە، ئەگەر سازان نەبووایە نوێنەرانی حزبەکەتان لە جومگە جیاجیاکانی حوکمڕانیدا دەیانتوانی بە دەنگەکانی خۆیان پۆست بەدەست بێنن؟"
(عارف ڕوشدی) گوتیشی، ئاخۆ یاسایەکی خاوەن ڕەهەندی نیشتمانی و پەیوەندیدار بە زۆرترین پۆستی حوکمڕانی لە هەرێمدا بە چ ڕەواییەک چەند لیستێک بە ڕێککەوتن و گەلەکۆمە لەژێر چەتری یاساوڕێسادا پرنسیپی سازان پێشێل دەکەن.
گوتیشی: "بانگهێشتکردنی چەند بەرپرسێکی کونسوڵخانەکان هەوڵێک بوو بۆ زڕاندنی ناوی گەل و حکوومەتەکەمان؛ خۆی ئەوانەیشی بانگهێشت کرابوون کەسیان نەهاتبوون. تەنها،کونسوڵی ئێران نەبیت."
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، "ئەوانەی بانگەواز و، هاشوهۆشی ڕاگەیاندنیان بەگەڕ خست و، باسی گرژی و ناخۆشییان دەکرد، گرەوەکەیان دۆڕاند و، ئەو خواستەیان لەسەر دەستی نوێنەرانی لیستی پارتیی و، ئەو لیستانەی هێمنی و سازانی نیشتمانییان دەوێ، لەبار برا؛ سەلماندیان کە ئەو هەوڵە نەزۆکە تەنها درۆیەکی شاخدارە و، خەڵکی کوردستان لێی بێزارە."
ئەوەشی خستە ڕوو، پەرلەمان بەو کۆبوونەوەیە سام (هەیبەت)ـی خۆی شکاند و، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەرکی خۆی لەبیر کرد؛ کۆبوونەوەکەی 23/6/2015، هەر کۆبوونەوەی چەند حزبێک بوو، لەکاتێکدا بارودۆخی ناهەمواری هەرێمەکەمان ئەوە ناخوازێ، بەڵکو دەبووایە پەرلەمان بیری لە چارەکردنی ئەو هەموو تەنگەژەیە بکردایەتەوە کە بەرۆکی هەرێمەکەمانی گرتووە و، ئازایانە لەو نانبڕینەی گەلەکەمان بهاتبایەتە دەنگ.

بڵند ئیبراهیم