Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیرادەی گەل سەردەکەوێت

بەختیار شاخی
کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەمانی کوردستان، وێنەیەکی ڕوونی ئەو سیستمە پەرلەمانییە بوو کە بزووتنەوەی گۆڕان لە پڕۆژەکەیدا داوای دەکات. سیستمێک کە ڕاستییەکەی دیکتاتۆرییەتی پەرلەمانییە نەک سیستمی پەرلەمانی و سەرۆکی پەرلەمان وەک فەرمانبەریکی گوێڕایەڵی سەرۆکی حزبەکەی ئەو فەرمانانە جێبەجێ دەکات کە لە "ژوورە داخراوەکان"ـەوە بۆی ڕەوانە دەکرێت.
لە کۆبوونەکەی دوێنێدا، سەرۆکی پەرلەمان و حزبی گۆران و بەشێکی یەکێتی، هەموو حیساباتی خۆیان لەسەر ئەوە دانابوو کە پارتی کاردانەوەی توندی دەبیت و بەویش بیانوویان دەست دەکەوێت کە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەکەن و بەگوێی دنیادا بدەن کە پارتی دژی دیموکراسییە. بەڵام پارتی نەک هەر ئەوەی نەکرد بەڵکوو زۆر بە ئارامی مامەڵەی لەگەڵ ڕەوشەکە کرد و وەک پارێزەر و زامنی دیموکراسی خۆی پێشانی دنیا دا و ئیرادەی گەل وەک براوەی سەرەکی لەو ئاڵۆزییە دەرچوو.
هەڵەیەکی کوشندەی حزب و باڵەکانی ڕێکخەری کۆبوونەوەکەی دوێنی، نادیتەگرتنی هەموو ئەو ئەو ڕێککەوتن و سازانە بوو کە بناخەی پێکهاتنی پارلەمان و حکوومەتی هەرێمە، وەک ئەوەی نەزانن کە هەرچی ئەو لایەنانە هەیانە زادەی سازان و ڕێککەوتنەکانە و ئەگەر پارتی لەسەرەتاوە بەو لۆژیکەی ئەوان کاری کردبا و 54 دەنگی بە نیشانەی زۆرینە دانابا، نەک سازانی نیشتیمانی، دەیتوانی حکوومەتییش بێ ئەوان پێک بهێنێت، نەک نیوەی پشکی رەوای خۆی بکاتە قوربانیی "سازانی نیشتیمانی"، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە دەری خست کە "سازان" و ڕێککەتنەکان تا کاتێک لای ئەوان پیرۆزن کە بەرژەوەندیی حزبی بۆ ئەوان تێدا بیت، ئەگەرچی دژی ئیرادەی زۆرینەی خەڵکیش بێت.
هەڵەیەکی دیکەی زۆر نابەجێی ئەوان بانگهێشتکردنی کونسوڵی وڵاتان بۆ ناو پەرلەمان بوو. ئەو کۆبوونەوەیە کۆبوونەوەی دەستپێکی پارلەمان نەبوو تا پێویستی بە میوان هەبێت، کۆبوونەوەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانیش نەبوو تا بیکەنە شانازی، بەڵکوو کۆبوونەوەی ئەتککردنی دیموکراسیەتی تەوافوقی بوو کە هەموو دەزگە فەرمییەکانی هەریمی لەسەر دامەزراوە. ئەوان ویستیان بە حیسابی خۆیان ئەو نوێنەرانە شاهیدی کاردانەوەی توندی پارتی بن کەچی لەوەیشدا حیسابەکەیان کورتی هێنا، هەروەها ئامادەبوونی جێگری کونسوڵی ئێران، وەک تاکە نوێنەری پایەبەرزی بانگهیشتکراو، نیشانەیەکی پرسیاری زۆر گەورەی خستە سەر نیازی خاوەنی پڕۆژەکان.
بەهەرحاڵ، کۆبوونەوەکە تەواو بوو و دەریش کەوت هیچ یاسایەک بێ ڕێککەوتنی پێشوەختە تێناپەرێت، بەدڵنیاییشەوە ئەو ئامادەییە بێ منەتییەی ئێران لە کۆبوونەوەیەدا، ڕوانگەی ئەورووپا و ئەمەریکا بۆ ئەو هەڵوێستەی ئەو لایەنانە بە ئاراستەیەک دەگۆڕێت کە بەدڵیان نابێت و پەنجەی پەشیمانی دەگەزن. بەتایبەتییش ئەوەی لای چاودێرانی بیانی ون نابێت و کاری لەسەر دەکەن، نادیدەگرتنی ناڕەزایی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستانە لەلایەن ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکەی دوێنیی پارلەمان. بایکۆت کردنی ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن نوێنەرانی کریستیان و تورکمان و ئێزدی و ئەرمەنەوە و هاودەنگییان لەگەڵ پارتی، لای وڵاتانی دەرەوە نیشانەی پرسیاری قووڵ لەسەر مەرامی ئەو لایەنانە درووست دەکات و هێمای ئەوەیە کە تەنانەت دژی ئەو پێکەوەژیانەشن کە وەک سیمایەکی گەشی کوردستان بۆتە هۆی ڕاکێشانی پشتیوانیی نێودەولەتی بۆ گەلی کوردستان.
ئەوەی لەو نێوەدا بە سەرکەوتوویی دەرکەوت هەم ئیرادەی گەل و هەمیش پارتییە و توورەیی خەڵکیشی بەرانبەر ئەو سەرەڕۆییەی ئەو سێ حزبە بەدوادا هات. ئەو گلەییە ڕەنگە بەجیدیتر ڕووی لەو بەشەی یەکێتی بێت، ئایا ئەوان ئەو هەموو خەبات و شۆڕشەیان بۆ ئەوە بوو لەناوخۆ و دەرەوەدا وەک کۆمەڵی ئیسلامی سەیریان بکرێت؟