Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

راند پۆوڵ: "کورد شایەنی دەوڵەتە و دەبێت پێشمەرگەش پڕچەک بکریت"

جارێکی دیکە پرسی پڕچەککردنی پێشمەرگە لە ئەمەریکا دەبێتەوە بابەتی گەرمی میدیاکان و، (راند پۆوڵ) کاندیدی بەهێزی کۆمارییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەڵێت: "ببمە سەرۆک چەک بە کورد دەدەم و هاوکاریان دەبم بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان."

(پۆوڵ) کە ئێستا سیناتۆری ویلایەتی "کنتاکی"ـیشە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن ئێن زۆر بە راشکاوی گوتی: "کورد مافی خۆیەتی چەکی پێ بدرێت لە شەڕی داعش و، دەبێت خاوەنی دەوڵەت بێت."

ئەمە جاری یەکەم نییە (پۆوڵ) داوای دەوڵەتی کوردستان دەکات و کۆمارییەکان هێشتا سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت بۆ شەڕی داعش پێشمەرگە چەکی قورسی بدرێتێ، پرۆژەیاسایەکی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس پەسەند کرا و کۆمارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ شەڕی داعش دەبێت پشت بە پێشمەگە ببەسترێت نەک سوپای عێراق.

(راند) لە دیمانەکەدا، لەبارەی شەڕی ئەمەریکا لەعێراق پرسیاری لێ کرا و ئەویش لە وەڵامدا رایگەیاند: "شەڕی عێراق لەبەر چەند هۆکارێک هەڵە بوو، ئێمە هەموو دەم هەندێک پرسیار دووبارە دەکەینەوە، ئێمە لە عێراق لە بری ئەوەی وڵاتەکە دووبارە بنیات بنێینەوە، خەریک بوو دیکتاتۆرێک دروست بکەین، جگە لەوەش نەتوانرا ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت."

(پۆوڵ) بەردەوام دەبێت لەسەر باسکردنی سیاسەتی وڵاتەکەی و دەڵێت: "خەڵکی عێراق داوایان هەیە کە وڵاتەکەیان دۆخی باشتر بێت و ئەو شەڕ و توندوتیژییەی لەوێ هەیە کۆتایی بێت، ئێمە ئەگەر لە سیاسەتێکدا سەرکەوتوو نەبووین دەبێ کۆمەڵێک بەدیلی دیکەمان هەبن."

ئەو سیناتۆرە باسی پێدانی ملیارەها دۆلار و جۆرەها چەکی پێشکەوتوو بە سوپای عێراق دەکات و، دەڵێت: "خەڵک گلەییمان لێ دەکات کاتێک پێیان دەڵێین چاوەڕوان بن، ئەوان 10 ساڵە چاوەڕوانی سوپای عێراقن، کە ملیارەها دۆلارمان پێدان و دواجار چەکی پێشکەوتوویان رادەست کرا، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو سوپایە رادەکات، دەبوو چارەسەرێک بۆ ئەمە بدۆزینەوە".

(راند پۆوڵ) لە باسی پێشمەرگەیشدا دەڵێت: "بۆ کورد و پێشمەرگە شتەکە جیاوازە، کورد پێشمەرگەی هەیە کە تا دواهەناسە شەڕی بۆ دەکات، بۆیە ئەوان مافی خۆیانە پڕچەک بکرێن و دەوڵەتیشیان هەبێت، ئەگەر کەسانێک بۆ پاراستنی خاک و خەڵک و پێکهاتەکان شەڕ بکات، شایەنی دەوڵەتە."

دەشڵێت: "پێدانی چەک بە پێشمەرگە و بەشێکی سوننەکان وا دەکات شەڕی داعش بۆ حکوومەتی عێراق ئاڕاستەیەکی دیکە بگرێت، چونکە داعش ململانێ و بەربەرەکانێی حکوومەتی عێراق دەکات.

پێشتریش، ئەو کاندیدەی کۆمارییەکان، باسی هاوکاری هەرێمی کوردستان کرد لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان، ئەمە لەکاتێکدا کە لە ئەمەریکا دەنگی سەربەخۆیی کوردستان بەرزتر بووە و، ئێستا بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەمەریکا هاتوونەتە ئەو بڕوایەی عێراقی یەکگرتوو بووەتە مەحاڵ.

ڕۆژنامەی هەولێر