Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مۆڵگەكانی داعش كرانە ئامانج و‌ زەبری كوشندەیان بەر كەوت

رۆژئاوای دیجلە-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، هەموو جووڵەیەكی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەكانی میحوەری رۆژئاوای دیجلە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان وەستێندراون و جگە لەوەی مۆڵگەكایان كراونەتە ئامانج، زەبری كوشندە بەر تیرۆریستان كەوتووە.

 
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی مقەدەم (دڵشاد مەولوود) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەعات 6:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە نزیك كارگەیەكی غاز، كە دەكەوێتە باكووری گوندی (عاشق) لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە، ئۆتۆمبێلێكی تیرۆریستانی داعش، كە دۆشكەیەكی لەسەر بوو، كرایە ئامانجی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای هاوپەیمانان و ئاگری تێبەردرا و هەموو ئەو تیرۆریستانەی لە ناو ئۆتۆمبێلەكە و شوێنی بۆردومانەكە بوون، كوژران.

(دڵشاد) گوتیشی: "بۆردوومانی مۆڵگە سەربازییەكانی داعش لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بووە و، لە چەند رۆژی رابردوویشدا‌ زۆربەی مۆڵگە و بارەگاكانی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەكانی میحوەری رۆژئاوای دیجلە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، كراونەتە ئامانج و زەبری كوشندە بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە".

پێوەست بە زیانی تیرۆریستانی داعشیش، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ئاماژەی دا: "تا ئێستا تەرمی زۆرێك لەو تیرۆریستانەی بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانەوە كوژراون، لە سنوورەكە ماونەتەوە و تیرۆریستانی داعشیش ناتوانن تەرمەكان ببەنەوە".