Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری بازرگانیی عێراق بڕیاری دا ماف بۆ جووتیاران بگەڕێنێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەو جووتیارانەی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستا پارەی گەنم و جۆیان نەدراوەتێ، لە بەدواداچوونێكی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، وەزیری بازرگانیی عێراق بڕیاری دا بە خەرجكردنی بڕی پارەكانیان و گێڕانەوەی ماف بۆیان.

ماوەی چەند مانگێكە حكوومەتی عێراق پارەی گەنم و جۆی جووتیارانی نەداوە، بە تایبەتی پارەی ئەو گەنمانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا حكوومەت لێیانی وەرگرتووە و دواتر ڕەوانەی بەغدا كراون، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. بەختیار شاوێس) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی سكاڵایەكی زۆری جووتیاران گەییشتە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێەرانی عێراق لەسەر چارەنووسی ئەو پارانەی كە لەلای حكوومەتن، بەدواداچوون كرا و توانیمان وەزارەتی بازرگانی ناچار بكەین مافی جووتیاران بدات".

(شاوێس) گوتیشی: "لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراقدا قسە كراوە و لای خۆیشییەوە بڕیاری داوە بڕی 250 ملیار مافی جووتیاران بگەڕێنرێتەوە".

لە ئێستادا بەشێكی زۆری جووتیارانی كوردستان نیگەرانن لە بەرانبەر كەمتەرخەمیی حكوومەتی عێراق و نەدانی بڕی ئەو پارانەی كە بە مافی جووتیاران دادەنرێت، ئەمەیش كار دەكاتە سەر بەرهەمی جووتیاران لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا.

كارزان سەباح هەورامی