Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چەند ڕۆژێکی دی هەولێر نەوتەکەی خۆی دەفرۆشێت.. بەغدا هێشتا وەڵامی نەبووە

ھەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، تەنیا ئەم حەفتەیە لەبەردەست بەغدادا ماوە کە ئەگەر پابەند نەبێت بە رێککەوتنەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ئەوا سەرەتای مانگی دادێ ھەرێمی کورستان خۆی نەوتی خۆی دەفرۆشێت و، نایدات بە بەغدا. گوتیشی گەورە کۆمپانیای نەوت ئامادەن نەوت لە ھەرێمی کوردستان بکڕن و پێشەکی پارەی ساڵێکیش بە ھەرێمی کوردستان بدەن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەرێمی کوردستان تاوەکو سەرەتای مانگی داھاتوو مۆڵەتی بە بەغدا داوە کە ئەگە رێککەوتنەکەی لەگەڵ هەولێر جێبەجێ نەکات، ئەوا نەوتی خۆمان بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەفرۆشین و نایدەین بە بەغدا؛ هەڵبەت تەنیا ئەم ‌حەفتەیە لەبەردەستدایە. چونکە کاتێک وەزیری نەوتی عێراق ھاتە ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەوان ئامادە نین ملیارێک دۆلار بدەن بە ھەرێمی کوردستان، (عادل عەبدولمەهدی) داواکاریی هەولێریشی بە ئەنجوومەنی وەیزرانی بەغدا گەیاندووە و لەوێیش بڕیاری لەسەر دەدرێت، دیارە کە ئەگەر ئەوان ئەم حەفتەیە بڕیار بدەن ئەوکات دیار دەبێت و ئەگەر بڕیاریشی لەسەر نەدەن واتا پابەند نابن و، ھەرێم نەوتی خۆی دەفرۆشێت."
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، "لەئێستادا ھەرێمی کوردستان بایی ملیارێک دۆلار نەوت رادەستی بەغدا دەکات و، ئەگەر بە شێوەیەکی سەربەخۆیش بیفرۆشێت، ١٠٠ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی نەوت دەبێت و، ئەوەی دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان دەمینێتەوە."
(شەعبان) جەختیشی کردەوە، "ھیچ کێشەیەک بۆ ھەرێم دروست نابێت نەوتی خۆی بفرۆشێت و، زۆر گەورەکۆمپانیایش ئامادەن نەوتی ھەرێمی کوردستان بکڕن، نەک هەر کڕینیش بەڵکە ئامادەن پارەی نزیکەی میزانیەی ساڵێک بدەن بە ھەرێمی کوردستان، تا لەبەرامبەردا هەولێر نەوتیان بداتێ، بەڵام پێویستە سەرەتا خۆمان لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکەینەوە."
بڵند ئیبراھیم