Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی بۆ لاوان: تواناكانتان یەک‌بخەن و خۆتان بۆ پاشەڕۆژی گەشتر ئامادە بکەن

هەولێر-KDP.info-  لە یادی شازدەساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستاندا، (سەرۆک بارزانی) هیوا دەخوازێت لاوانی کوردستان تواناكانیان یەک‌بخەن و خۆیان بۆ پاشەڕۆی گەشتر ئامادە بکەن. جەختیش دەکاتەوە کە، پێویستە لاوانی کوردستان، وەک چۆن له‌ پاراستنی کوردستاندا پێشه‌نگ بوون، بە هەمان هەستی پێشمەرگانەوە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕۆیی بگرن و بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدەنەوە کە بۆ بێ ئیرادەکردن و لاوازکردنی هەستی نیشتیمانپەروەری لای گەنجانی وڵاتمان لەئارادایە.


دەقی پەیامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان:


بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

به‌ڕێزان سكرتێر و ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان

لە یادی شازدەساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستاندا، گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئێوه‌ و ته‌واوی ئه‌ندامانی ڕێکخراوە تێكۆشه‌ره‌‌كەتان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

لاوانی کوردستان دەبێ شانازیی بەوەوە بکەن کە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەماندا خاوەنی زۆرترین سەروەریین، بەهۆی گیانفیدایی و قوربانیدانی لاوەکانمانەوەیە کە گەلەکەمان بە خۆڕاگری مایەوە و گەییشتە ئازادی.

ئێستایش کە گەل و وڵاتمان بەرەوڕووی شەڕێکی داسەپاوی دوژمنێکی دڕندە و دژەژیان و ئازادی بووەتەوە، هەموو چینوتوێژەکانی گەلەکەمان بوونە پێشمەرگە و توانییان ئەفسانەی دڕندەترین دوژمن لەسەر خاکی کوردستان تێک‌بشکێنن و شانازییەکی گەورە بۆ گەلەکەمان تۆمار بکەن، بەجۆرێک کە ئێستا هەموو جیهان ڕێز و پێزانینی بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان هەیە و ناوی کوردستان و پێشمەرگە بووەتە سیمبولی ئازایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادی.

هیوادارم لاوانی کوردستان تواناكانیان یەک‌بخەن و خۆیان بۆ ئاییندەی گەشتر ئامادە بکەن. پێویستە لاوانی کوردستان، وەک چۆن له‌ پاراستنی کوردستاندا پێشه‌نگ بوون، بە هەمان هەستی پێشمەرگانەوە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕۆیی بگرن و بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدەنەوە کە بۆ بێ ئیرادەکردن و لاوازکردنی هەستی نیشتیمانپەروەری لای گەنجانی وڵاتمان لەئارادایە.

سەربەرز و سەرکەوتوو بن.

مەسعوود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان