Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شۆڕشی گوڵان شێوازێكی نوێی خەبات و، بیركردنەوە بۆ پاراستنی هێڵە سوورەكەی شۆڕشی ئەیلوول

هه‌ولێر-KDP.info-  «زۆرجار ئامانجی شۆڕش بۆ سەربەخۆییە، لەبەر ئەوەی چیتر ئەو نەتەوەیە نایەوێت لەلایەن نەتەوەیەكی دیكەوە حوكمڕانی بكرێت. هیندستان لە ساڵی 1947دا چیتر نەیویست لەلایەن بەریتانیاوە حوكمڕانی بكرێت. هەر بۆیە زۆرێك لە شۆڕشەكان كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ڕوویان دا، سەربەخۆییان بە ئامانج دەگرت. ماوتسی تۆنگ ساڵی 1949 لە بەردەم خەڵكەكەدا ڕایگەیاند «the Chinese people have stood up» ئەوە لە بەشێكیدا مەبەستی ئەوە بوو كە چین ڕازی نابێت لەلایەن هێزێكەوە كە پێكهاتبێت لە ئەوروپی و ئەمریكا و ژاپۆن حوكمڕانی بكرێت، بەڵكو لەلایەن چینییەكانەوە حوكمڕانی دەكرێت، لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە زۆرجار شۆڕشەكان سەربەخۆیی بە ئامانج دەگرن.»
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ قسه‌ی پڕۆفیسۆر (جیرالد هۆرن) سەرۆكی بەشی مێژوو و دیراساتی ئەمه‌ریكایی و ئەفریقاییه‌ لە زانكۆی هۆستن.


بارودۆخی سەختی نێودەوڵەتی لە نێوان نسكۆی ئەیلوول و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان-دا
مێژووی دیپلۆماتی ئەمریكا لە ساڵانی 1970 – 1975، مێژووی واتەرگێتە كە لە ساڵی 1974 لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا، ریچارد نیكسۆن ناچار كرا دەست لە كار بكێشێتەوە، هەروەها مێژووی دۆڕاندنی شەڕی ڤیتنام ـە كە لە 29ی ئاداری 1975 ناچار بووە هێزەكانی بكێشێتەوە و لە حوزەیرانی 1975 هەر دوو ڤێتنامی سەروو و خواروو یەكیان گرتەوە. ئەم دوو رووداوە پێمان دەڵێن ئەمریكا لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی لە چ داشكانێكی گەورەدا بووە. سەبارەت بەم داشكانەی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان، تاریق عەلی بیرمەندی گەورەی پاكستانی، بە شكستێكی هێندە گەورە ئاماژەی پێدەكات كە هیچ بیرمەندێك مەزندەی ئەوەی نەكردووە كە جارێكی دیكە ئەمریكا بەو ئاستە هەڵبستێتەوە كە ئێستا دەیبینین و ئێستاش لە بەردەم گەورەترین تەحەددیدایە لەسەر ئاستی جیهان، بەو ئاستەی ئەو سیستمە نوێیە جیهانییەی (بوش)ی باوك رایگەیاند، ئێستا بۆتە بێ سیستمیی جیهانی نوێ. لەو ماوە سەختەدا هنری كیسنجەر كە ئێستا تەمەنی 92 ساڵە و لە ژیاندا ماوە، لە ساڵانی 1969 بۆ 1977 دوو پۆستی گرنگی لە ئیدارەی ئەمریكی هەڵسووڕاندووە كە بریتی بوون لە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا كیسنجەر نەك هەر توانی كۆمەڵێك سەركەوتنی گەورە لەسەر ئاستی جیهان بۆ ئەمریكا تۆمار بكات و باڵانسی هێز بۆ بەرژەوەندی ئەمریكا بگۆڕێت، بەڵكو هەتا ئێستاش هەر ئیدارەیەكی كۆماری لەسەر حوكم بووبێت، نەیتوانیوە دەستبەرداری كیسنجەر بێت و وەك راوێژكارێكی گرنگ دۆسێی زۆر گرنگی پێ سپاردووە. بۆ نموونە: لەسەردەمی حوكمڕانیی رۆناڵد ریگن، كراوە بە سەرۆكی دەستەی فیدڕاڵی بۆ سیاسەتی ئەمریكا بەرانبەر ئەمریكای باشوور، لەسەردەمی (جۆرج دەبلیو بوش)یش كراوە بە سەرۆكی ئەو لیژنەیەی لە هۆكاری هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر بكۆڵێتەوە، لەم تەمەنەی ئێستاشیدا كە دوایین كتێبی بە ناونیشانی (سیستمی جیهانی)یە و لە 2014 بڵاوی كردۆتەوە، لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی سەنات بانگهێشت دەكرێت و لەسەر پرسی ستراتیژیەتی ئاسایشی نیشتمانی دانیشتنی گوێگرتنی بۆ رێكدەخرێت، بۆ ئەمەش لە رۆژی 29ی كانوونی دووەمی 2015 و لەو دانیشتنەی لەلایەن لیژنەی خزمەتی سەربازی كۆنگرێسەوە بۆی رێكخرابوو، سیناتۆرەكان داوایان دەكرد، دەبێت كیسنجەر چۆن لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو ئەمریكای رزگار كرد، ئێستاش پلانی خۆی بخاتەڕوو، بە ئاشكراش جەختیان لەوە كردەوە كە تا هەنووكە پێویستییان بە كیسنجەر هەیە.
گەڕانەوە بۆ ئەم باكگراوەندە مێژووییە سەخت و ئاڵۆزەی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ماوەی 1970- 1975، لۆژیكی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بۆ پاراستنی گەلی كوردستان لەناو ئەو گێژاوە سەختەمان بۆ بەرجەستە دەكات و هەست دەكەین ئەم قۆناخە نەك هەر پێویستی بە هەڵوەستە لەسەر كردن هەیە، بەڵكو پێویستی بە دیراساتی زانستی و ئەكادیمی ئاست بەرز هەیە. دیارە لەم ماوەیەدا بەڕێزان ئیدریس بارزانی و مسعود بارزانی، دوو كاراكتەری دیار و گرنگ و هاوكاری نزیكی بەڕێز مستەفا بارزانی بوون، هەم لەسەر ئاستی سەركردایەتی شۆڕش لەناو كوردستان، هەمیش لە ئاستی شێوازی بەڕێوەبردنی پێوەندییەكانی نێوان شۆڕش و بەغدا، هەروەها جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاداری 1970.
گرێدانەوەی هەوڵەكانی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بە بارودۆخە سەختە نێودەوڵەتییەكەوە، گەڕانەوەیە بۆ لۆژیك و ئەزموونی سەرۆك مستەفا بارزانی لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. ئەم ئەزموونەی مستەفا بارزانی لە بڕیاردانی بۆ رۆیشتنی بۆ سۆڤیێت دەست پێدەكات، كە لە سەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوو دوای سەربەخۆبوونی چەندین نەتەوە، ئەویش وەك سەركردەیەكی ئازادیخوازی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت، بووە بەشێك لەو سەركردانەی بیریان لەوە دەكردەوە چۆن لە نێوان هەژموونی سۆڤیەت و ئەمریكادا، سەربەخۆیی وڵاتی خۆیان بپارێزن و پاشانیش بۆ ئەم مەبەستە بزافی وڵاتانی بێلایەن، یان جیهانی سێهەمیان دامەزراند، لەوانەش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی جەمال عەبدولناسر سەرۆكی میسر و جواهر لال نەهرۆ سەرۆكی هیندستان و جۆزێف بروز تیتۆ سەرۆكی یۆگسلاڤیا، ئەم سێ سەرۆكە كە بە خاوەنی فیكری ئەو بزاڤە دادەنرێن، پێش ئەوەی ئەم بزاڤە دابمەزرێنن و پرەنسیپەكانی باندۆگ 1955 رابگەیەنن، هاوڕێی سەرۆك مستەفا بارزانی بوون، وەك لە گەڕانەوەكەشی بۆ عێراق لە ساڵی 1958 بینرا، بارزانی مستەفا بە میسردا گەڕایەوە و سەرۆك عەبدولناسر وەك هاوتای خۆی پێشوازی لێكرد.
كەواتە ئەمە دەمانباتەوە بۆ ئەوەی دوای ئەوەی سەرۆك مستەفا بارزانی لە كۆتایی چلەكانی سەدەی رابردوو لە (باكۆ)وە بەرنامەی كۆماری كوردستانی سەربەخۆ رادەگەیەنێت، لە سەرەتای پەنجاكانەوە دەیەوێت سوود لە ئەزموونی ئەو دەوڵەتانە وەربگرێت كە تازە سەربەخۆبوون و دەیانەوێت نەتەوەی خۆیان لەناو ئەو گێژاوە بپارێزین، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دوای ئەوەی لە ساڵی 1958 رژێمی پادشایەتی رووخا و عەبدولكەریم قاسم هاتە دەسەڵات و لە دەستووری كاتیی عێراقدا، عێراقی وەك نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەب پێناسە كرد، ئەو كاتە مستەفا بارزانی بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ عێراق. بەڵام كاتێك عەبدولكەریم قاسم لە ژێر گوشاری قەومییە شۆڤینییەكانی عەرەب لە هەموو شتێك پاشگەز بووەوە، بارزانی مستەفا شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی بەرپا كرد.
ئەمە پێمان دەڵێت، بنەمای سەرەكیی شۆڕش و سیاسەت لای رێبەری نەتەوەییمان مستەفا بارزانی، پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بووە و ئامانجی كۆتایی سیاسەت و شۆڕشیش، دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بووە، ئەوجا ئەم ئامانجە كۆتاییە كەی دێتەدی، ئەوا ئەمە پەیوەست بووە بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەلومەرجی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەڵام هەموو كات لەسەر ئاستی ناوخۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و پاراستنی نەتەوەی بە ئەولەوییەتی كارەكانی زانیوە.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە هەڵسەنگاندنێك بۆ ئاستی مامەڵەی شۆڕش لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی لەو قۆناخە هەستیار و ناسكەی جیهان بكەین، دەبینین لە ماوەی ساڵانی 1961-1975 رێبەری نەتەوەییمان مستەفا بارزانی هیچ بڕیاریكی نەداوە كە لە دەرەوەی بەرژەوەندیی نەتەوەیمان بێت، بەڵكو هەموو بڕیارەكانی لەناو ئەو گێژاوە سەخت و جەمسەرگیرییەی جیهاندا بۆ پاراستنی دۆزی نەتەوەیی و گەلی كوردستان بووە، هەر ئەمەش وایكردبوو كاتێك بارزانی مستەفا بڕیارێكی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەكەی دەدا، ئەگەر بەدڵی رۆژئاوا نەبوایە دەیانگوت: مستەفا بارزانی هاوپەیمانی سۆڤیەتە و ئەگەر بە دڵی سۆڤیەت نەبوایە، دەیانگوت بارزانی مستەفا سەر بە ئەمریكایە، بەڵام راستییەكەی بارزانی مستەفا تەنها سەر بە نەتەوەی خۆی بوو، بڕیارەكانیشی بۆ پاراستنی نەتەوەی خۆی بووە. تەنانەت سەرۆك مه‌سعوود بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندووش كە زۆر جار نوێنەرایەتی كوردستانیان كردووە بۆ دانوستاندن، یان جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئادار، بەپێی بەرژەوەندی و پاراستنی نەتەوەی كورد مامەڵەیان لەگەڵ بەغدا كردووە. هەر بۆ نموونە: لە ساڵی 1974 كاتێك حكومەتی بەغدا هەموو هەوڵی ئەوە بوو كە رێككەوتننامەی ئادار بكاتە ئۆتۆنۆمییەكی كارتۆنی، شەهید ئیدریس بارزانی پێی لەسەر ئەوە دادەگرت ئەو چوار ساڵەی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دانراوە، ماوەی ساڵێك درێژ بكرێتەوە بۆ ئەوەی وتووێژی زیاتر بكرێت و بگەنە خاڵی هاوبەش، حكومەتی بەعس ئەوەی قبووڵ نەبوو، دەیویست سوود لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی سیاسەتی نێودەوڵەتی وەربگرێت و كورد ناچار بكات لەسەر مافەكانی خۆی سازش بكات، بەڵام رێبەری نەتەوەییمان ئەگەر لەنێوان (مان و نەماندا) تەنها یەك رێگە هەبێت كە سازش لەسەر مافی گەلی كوردستان بكرێت، ئەوا بێگومان نەمانەكەی هەڵبژاردووە و سازشی لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان نەكردووە. بارزانیی مستەفا ئەو رێگەیەی هەڵبژارد و كردیە ئەو هێڵە سوورەی كە هیچ كەس و حزب و لایەنێك نەتوانێت بیبەزێنێت.
ئەگەر لێرەوە دووبارە سەیری گۆڕانكارییەكانی نێوان ساڵانی 1970- 1975 بكەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەراوردی بكەین لەگەڵ بڕیارەكانی رێبەری نەتەوەییمان مستەفا بارزانی، بە بڕیاری راگرتنی شۆڕشیشەوە لە ساڵی 1975، دەكرێت ئەم خاڵانە ئاماژە پێبكەین:
1. لە ساڵی 1970 كاتێك مستەفا بارزانی رێككەوتنی ئاداری لەگەڵ حكومەتی بەغدا ئیمزا كرد، وەك موحسین دزەیی لە وتارێكیدا پێشتر بۆ گوڵان ئاماژەی پێكردووە، بارزانیی مستەفا دەیزانی سەدام حوسێن و حكومەتی بەعس پابەند نابن بەو رێككەوتنە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەركردایەتی شۆڕش پێیوابووە كە رێككەوتنەكە بكرێت باشترە، قبووڵی كردووە.
2. ئەم رێككەوتنە بووە هۆكاری ئەوەی كە بە دیكۆمێنتێكی یاسایی مافی خۆبەڕێوەبردنی كوردستان تۆمار بكرێت، لەمەش زیاتر، جارێكی دیكە نێوماڵی كورد لە دابەشبوون رزگاركرا و یەكڕیزی دروستكرایەوە. دیارە یەكڕیزیی نێوماڵی كوردیش لای مستەفا بارزانی ئەولەوییەتی هەموو ئامانجەكان بووە.
3. لایەنێكی دیكە بۆ سەربەخۆیی بڕیاری مستەفا بارزانی، بڕیاری شەڕنەكردنەوەیە لە ساڵی 1973 كە میسر هێرشی كردە سەر ئیسڕائیل، دیارە ئەگەر مستەفا بارزانی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی نەبوایە، رۆژئاوا پێی باش بوو كورد شەڕ دەست پێبكاتەوە، بەڵام بارزانیی مستەفا پابەند بوو بە رێككەوتنەكە و ئەمەش مانای ئەوەیە لەبەر ئەوەی بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی كورد و كوردستان نەبووە، ئەو بڕیارەی نەداوە.
4. لە ساڵی 1974 كە حكومەتی بەعس شەڕی بەسەر كوردا سەپاندەوە، مستەفا بارزانی گەیشتبووە قەناعەت كە كورد ناتوانێت لەگەڵ عێراق بژی، وەك د.شەفیق قەزاز پێشتر باسی كردووە، بارزانیی مستەفا بە دوای بەدیلی ئۆتۆنۆمی گەڕاوە، ئەو بەدیلەش فیدڕاڵی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان بووە. سەبارەت بە یەكەمیان د.شەفیق دەڵێت: لیژنەی بۆ دامەزراوە و كاریشی لەسەر كراوە، سەبارەت بە دووهەمیشیان پڕۆفیسۆر ئەمازیا بارام كە ماوەی 40 ساڵە لەسەر سیاسەتی عێراق كار و شرۆڤە دەكات، لە دیمانەیەكدا پێی وتین: من لە ئاكامی دیراسەتكردنم لەسەر ئەم پرسە و بینینی ئەو كەسانەی كە لەو سەردەمە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی پێوەندییان لەگەڵ مستەفا بارزانی و شۆڕشی كوردستان هەبووە، لە ماوەی ساڵی 1974-1975 مستەفا بارزانی هەوڵیداوە تەنها یەك دەوڵەت ئامادە بێت دان بەدەوڵەتی كوردستان بنێت، ئەو دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت. ئەم هەوڵەی بارزانی مستەفا لە ساڵی 1974- 1975 نیشانەیە بۆ ئەوەی زۆر بە وردی ئاگاداری باری سەختی سیاسەتی نێودەوڵەتی بووە و دەیسەلمێنێت كە تاچەند ئاگادار بووە لەوەی ئەو بارودۆخە گۆڕانكاری سەیر و گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، بۆیە كاتێك كیسنجەر لە 6ی ئادار سەدام حوسێن و شای ئێرانی پێكەوە كۆكردەوە و هەردوولایانی گەیاندە رێككەوتن، بێجگە لە بڕیاری پاراستنی گەلی كوردستان و گۆڕینی شێوازی خەبات، هیچ رێگەیەكی دیكە لە بەردەم بارزانیی مستەفا نەمایەوە، بۆیە ئەو بڕیارە قورسەی مستەفا بارزانی كە هاوشێوەی بڕیارە قورسەكانی سیمبولی هەموو نەتەوە ئازادیخوازەكانی جیهانە، بڕیارێك بوو بۆ دووبارە رێكخستنەوەی شێوازی شۆڕش و پاراستنی گەلی كوردستان لە مەینەتیی زیاتر، بەڵام تائێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەم بڕیارە مێژووییە وەك پێویست دیراسەتی لەسەر نەكراوە و مافی خۆی پێنەرداوە.
5. لە ماوەی ساڵانی 1970-1975، كیسنجەر كە بەو كەسە دادەنرێت خیانەتی لە شۆڕشی كوردستان كردووە، بەڵام خودی كیسنجەر دەیگێڕێتەوە لە بارودۆخی نێودەوڵەتی ئەو سەردەمە توانی لە دەرگای كۆماری چین بدات و سەرۆك وەزیرانی چین (شوان لای) دەرگای لێبكاتەوە و ئەندامیەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە تایوان بسەندرێتەوە و كۆماری چین ببێتە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمە گۆڕانكارییەكی هێندە گەورەیە هەتا ئێستاش لە مێژووی دیپلۆماتییەتی ئەمریكا وەك یەكێك لە سەركەوتنە گەورە و دیپلۆماتییەكان باس دەكرێت.
6. هەر لەو ماوەیەدا ئیسڕائیل شەڕی ئۆكتۆبەری 1973ی دۆڕاند و میسر سەركەوت، بەڵام كیسنجەر توانی ئەنوەر سادات بگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی كە لەگەڵ ئیسڕائیل ئاشتی بكات، وەك محەمەد حەسەنێن هەیكەل لە كتێبی (پاییزی تووڕە) ئاماژەی پێكردووە، كیسنجەر ساداتی گەیاندە ئەو قەناعەتەی كە بڵێت: ئەگەر رێگەی ئاشتی بە قودسدا بڕوات، ئامادەم بچمە قودس، هەر واشی لێكرد، سادات چووە قودس و پاشان رێككەوتنی 1978 و لە سەردەمی كارتەر رێككەوتنی كامپ دیڤیدی ئیمزا كرد.
7. كیسنجەر بە رێگەی هاواری بومدین كە ئەو كات وەزیری دەرەوەی جەزائیر بوو، توانی سەدام حوسێن بە داخوازییەكانی شای ئێران رازی بكات و واز لە بەشێكی شەتولعەرەب بهێنێت بۆ ئەوەی شۆڕشی كورد كۆتایی بێت. سەدام حوسێن ئەمەی كرد، ئەم رێككەوتنەش بنەمای سەرەكیی هەموو ئەو نەهامەتییانەیە كە ئەمریكا لە ساڵی 1980 ـەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستییەوە دەناڵێنێت.


هنری كیسنجەر هەموو ئەمانەی لە جیهان بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی كرد، بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا بكاتە ناوچەی نفووزی ئەمریكا و ئێران و توركیا بكاتە قەڵغانی پاراستنی ئەو ناوچە گرنگە، بەڵام ئیرادەی خۆڕاگریی كورد و گۆڕانكارییە چاوەڕواننەكراوەكان، خەونەكەی كیسنجەری لە 1976 لە سەر ئاستی كێشەی كورد و لە 1979 بە رووخانی رژێمی شا، لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتاڵ كردوەوە، كیسنجەریش لە ویژدانی نەتەوەیەكی زیندوودا تەنها رووڕەشی بۆ مایەوە.
سەركردایەتیی كاتی و بڕیاری هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان یەكێك لە سیما جوانەكانی بڕیار دروستكردن لە ژیانی شۆڕش و سیاسی مستەفا بارزانیدا، بڕیاردانی قورسە لە رۆژە سەختەكان و تەسلیم نەبوونە بە ئیرادەی دوژمن، ئەوجا ئەو دوژمنە هەر كەسێك بووبێت، لەمەش زیاتر راوێژكردن و باسكردنی بارودۆخەكە وەك خۆی، لەگەڵ گەلی كوردستاندا بووە، ئەمەش واتە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و راستگۆیی لەگەڵ گەلەكەی. ئەم شێوازی بڕیار دروستكردنەی مستەفا بارزانی، بە تەواوەتی لە شێوازی بڕیار دروستكردن و بڕیاردانی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی رەنگی داوەتەوە و لەو كاتەوەی ئەو بەرپرسیاریەتییەی كەوتۆتە سەرشان كە تەمەنی تەنها 30 ساڵ بووە، تا ئێستا كە سەركردایەتی شەڕێكی نێودەوڵەتی دەكات، لە هەموو بڕیارەكانیدا بەتایبەتی لە رۆژە سەختەكاندا، هەمان شێوازی بڕیارەكانی بارزانیی مستەفا بووە، تەنها بنەمایەك بۆ بڕیاردانی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی، پاراستنی گەل و نەتەوەی كوردستان بووە، هەر بۆیە دوای ئەوەی لە 1975 بە پیلانێكی نێودەوڵەتی شۆڕشی ئەیلوول نسكۆی بەسەردا هات، ئەوا سەركردایەتی شۆڕش و شۆڕشەكەش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بۆیە لەبەر رێنماییەكانی رێبەری نەتەوەییمان مستەفا بارزانی و بە بەشداری سەركردایەتی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو، دوو هەنگاوی گرنگ هەڵگیران:
1. دامەزراندنی سەركردایەتییەكی كاتی بۆ ئەوەی ئەركی دووبارە خۆڕێكخستنەوە و ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش و هەڵسەنگاندنی ئەو قۆناخە لە ئەستۆ بگرێت، دامەزراندنی ئەو سەركردایەتییە كاتییەش یەكێكی دیكە لە ئەزموون و لۆژیكەكانی بارزانیی مستەفا بوو، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنەوەی سەركردایەتییەكی نوێ بۆ ئەو قۆناخە، پێویستی بە گرێدانی كۆنگرە هەبوو، ئەو بارودۆخەش بۆ گرێدانی كۆنگرە لەبار نەبوو، نەشدەتوانرا كۆنگرە گرێ بدرێت، بۆیە سەركردایەتیی كاتی راگەیەندرا.
2. راگەیاندنی شۆڕشی گوڵان لە 26ی ئایاری 1976، تەنها ئەنجامدانی چالاكییەكی پێشمەرگانە نەبووە بۆ ئەوەی رایبگەیەنن كە ئەوە یەكەم تەقە و ئەوە دووبارە بڵێسەی شۆڕشە، نەخێر، راگەیاندنی شۆڕشێك بوو بە تێگەیشتن لە قۆناخە سەختەكە بە كردنەوەی دەرگای فرەیی و پێكەوە خەباتكردن، بە رەخنە لە خۆگرتن و بەخۆداچوونەوە و بە قبووڵكردنی شكست و بوونی ئیرادە بۆ هەستانەوە.


ئەگەر سەرنجی ئەم دوو بڕیارە گرنگە بدەین كە دوای نسكۆی ئەیلوول لەژێر سەركردایەتی سەركردەیەكی لاوی تەمەن 30ساڵ كە سەرۆك مسعود بارزانی - یە دراون، چەندین ئاماژەی بیركردنەوەی نوێ و شەفافییەت لەگەڵ گەل و نەتەوەی خۆی پیشانمان دەدات، لەبەر ئەوەی سەركردایەتیی كاتی هەنگاوی یەكەمی بە هەڵسەنگاندنەوە دەست پێدەكات و ئەم هەڵسەنگاندنەوەیەش تەنها بۆ ئەندامانی پارتی نەبووە، بەڵكو بۆ هەموو گەلی كوردستان بووە، لەدوای ئەمەش پیشاندانی ئیرادەیەكی لە بن نەهاتوو بووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی نوێ بنەماكانی ئەو پیلانە نێودەوڵەتییەی دژی كورد چنرابوو، پووچەڵ بكاتەوە. لایەنێكی دیكەی بیركردنەوەی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی قووڵكردنەوەی چەمكی فرەلایەنی و خەباتی هاوبەش بووە لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی و عێراقی لە بەرەیەكی هاوبەشدا، ئەم حاڵەتە لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە ژیر سەركردایەتی مستەفا بارزانی بوونی هەبووە، ئەمەش بەو مانایەی حزبی دیكەی سیاسی و بۆچوونی سیاسیی دیكە لەناو شۆڕشی ئەیلوول هەبوون كە پارتی دیموكراتی كوردستان نەبوون، بەڵام یەك سەركردایەتی شۆڕش هەبووە كە سەركردایەتی شۆڕشەكەی كردووە، بەڵام لە شۆڕشی گوڵاندا ئەم سەركردایەتییە گۆڕا بۆ بەرەی هاوبەش، راستە ژیانی بەرەیی لە كوردستاندا ئاستەنگی زۆری هاتەبەر و بەداخەوە چەندین شەڕی ناوخۆش روویدا، بەڵام لە كۆتایی 1986 و سەرەتای 1987، سەرەتای قۆناخێكی سەخت دەركەوت و ئایندە بۆ كوردستان رۆشن نەبوو. سەرۆك مه‌سعوود بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو، هەوڵیاندا بەرنامەیەك دابڕێژن و لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان باسی بكەن، بۆ ئەوەی هەموو جیاوازی و ناكۆكییەك وەلابنرێت و هەموو پێكەوە لەیەك سەنگەردا شەڕی چارەنووس بۆ ئایندەی كوردستان بكەن، ئەم بەرنامەیە دوای چەندین كۆبوونەوە بووە هەوێنی ئاشتبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەردی بناخەی ئەو بەرەی كوردستانییەش دوای شەهیدبوونی ئیدرس بارزانی دانرا، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئیدریس بارزانی لە پرۆسەی ئاشتبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆڵێكی كاریگەری هەبووە و ئەو ئاشتبوونەوەیەش بە بناخەی بەرەی كوردستانی دادەنرێت، ئەوا ئیدریس بارزانی وەك ئەندازیاری بەرەی كوردستانی لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا ناوی تۆمار كراوە.
ئەو پێشبینییەی سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی بەوەی كوردستان رووبەڕووی مەترسییەكی گەورە دەبێتەوە، لە ناوەڕاستی 1987 سەرەتاكەی دەركەوت و لە سەرەتای 1988 پرۆسەی ئەنفال و كیمیاباران دەستی پێكرد، دوای ئەویش راگرتنی شەڕی (عێراق – ئێران)ـی بەدوادا هات. بەعس و سەدام حوسێن دوای راگرتنی شەڕی عێراق و ئێران، ئەوەی لە 1975 بە وازهێنان لە شەتولعەرەب بۆیان نەهاتەدی كە دەیانگوت: «دارخورما لەسەر شاخەكان دەڕوێت، بەڵام پێشمەرگە لە چیاكان دروست نابێتەوە»، ویستیان لە ساڵی 1988 جێبەجێی بكەن و پێشمەرگە لە كوردستان نەهێڵن، بەڵام شۆڕشی گوڵان ئەم خەونەی پووچەڵ كردەووە، ئەم جارەش بە بڕیار و سەرپەرشتی و بەشداری راستەوخۆی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی داستانی خواكورك لە 19ی تەمموزی 1988 تۆمار كراو پێشمەرگەی كوردستان ئەو سوپایەی بەعسی تێكشكاند كە بۆ ماوەی هەشت ساڵ شەڕی ئێرانی كردبوو، هەموو جیهانیش پشتگیری لێدەكرد. ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی بۆ مقاوەمەت و راگەیاندنی پێشبینییەكانی بۆ ئایندەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بووە وەرچەرخانێك بۆ ئەوەی كورد بەرەو ئاسۆیەكی دیكە هەنگاو هەڵبگرێت كە خۆی لە راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 دا ببینێتەوە.


ئایندەی نەتەوە لە فكری مه‌سعوود بارزانیدا
بەپێی بەرنامەی بەرەی كوردستانی، سەرۆك مه‌سعوود بارزانی وەك سەرۆكی بەرە لە ناوخۆی وڵات و سەرۆك تاڵەبانی وەك سەرۆكی بەرە بۆ دەرەوەی وڵات دیاری كرابوون، ئەمەش واتە: ئەوەی سەرۆك بارزانی لە ناوخۆی وڵات بڕیاری لەسەر دەدات، بڕیاری سەرۆك تاڵەبانی-شە و بەپێچەوانەشەوە، هەر بۆیە كە راپەڕین دەستی پێكرد لە مارتی 1991، سەرۆك بارزانی راستەوخۆ سەرپەرشتی هەموو قۆڵەكانی راپەڕینی دەكرد و لە قۆناخ بە قۆناخیش ناوچە ئازادكراوەكانی بەسەر دەكردەوە. ئەوەی لە بڕیارە لۆژیكییەكانی بارزانی لە ماوەی راپەڕین و دواتریش لە قۆناخی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت فێری دەبین، ئەوەیە هەر حزب و لایەنێكی سیاسی (پێكەوە، یان بە جیا) هەر سەركەوتنێك بەدەست بهێنێت، ئەوە سەركەوتنی ئەو لایەنە، یان ئەو كۆمەڵە حزبە نییە و دەبێت هەموو حزبە سیاسییەكان ئەو سەركەوتنە بە سەركەوتنی گەلی كوردستان بزانن و گەلی كوردستان خۆی بڕیار بدات چۆن ئیدارەی ئەو سەركەوتنانە دەدات و بە كێی دەسپێرێت. ئەم بیركردنەوەیەی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی بۆ ئایندەی نەتەوە، زۆر جاران لە لایەن كادرانی پارتی بەتایبەتی ئەوانەی بیر لە ئایندەی پارتی دەكەنەوە رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە، بەوەی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی بڕیارەكانی لەسەر حیسابی ئایندەی پارتییە، ئەم جۆرە بیركردنەوەیە لەگەڵ ئەوەی راستییە، بەڵام لای مه‌سعوود بارزانی ئایندەی نەتەوە لە ئایندەی پارتی زۆر گرنگترە. هەر بۆ نموونە كاتێك سەرۆك مه‌سعوود بارزانی وەكو سەرۆكی بەرەی كوردستانی لە دوای ئازادكردنی شاری كۆیە لە ساڵی 1991 رایگەیاند دەبێت هەڵبژاردن بكرێت و دەوڵەتی قانوون دابمەزرێت، زۆر كەس پێیان وابوو ئامانجی مه‌سعوود بارزانی ئەوەیە پارتی هەڵبژاردن بباتەوە، بەڵام ئامانجی مه‌سعوود بارزانی زۆر لەم بیركردنەوەیە دوور بوو، ئەو دەیویست هەڵبژاردنەكە سەركەوتوو بێت و كوردستان قۆناخێكی دیكە بچێتە پێشەوە، بۆیە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 1992 لە بری ئەوەی مه‌سعوود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بكات، بانگەشەی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە دەكرد و كاتێك لێیان دەپرسی: حەز دەكەی لەم هەڵبژاردنە كێ دەنگی زۆر بهێنێت و بیباتەوە، دەیگوت: من دەمەوێت پرۆسەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوە بچێت و كورد لەم پرۆسەیە سەركەوتوو بێت، ئەگەر پرۆسەكە سەركەوت، ئەوا هەموو كورد بردوویەتەوە.

ئەگەر لەو دیمەنە وردبینەوە، دەزانین كە لای مه‌سعوود بارزانی گرنگ نییە پارتی لە دەسەڵات بێت، یان نا، بەڵكو ئەوەی بۆی گرنگە ئەوەیە كورد كیانێكی خۆی هەبێت، ئەوجا كێ ئەو كیانە بەڕێوە دەبات، ئەوەیان بۆی گرنگ نییە. هەر واشی كرد، دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 تەواو بوو، هێندەی سەقامگیری كوردستان و سەركەوتنی پرۆسەكە لای مه‌سعوود بارزانی گرنگ بوو، دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ گرنگ نەبوو، لەمەش گرنگتر كاتێك لە بیركردنەوەی مه‌سعوود بارزانی - دا نەتەوە پێویستی بە بڕیاردانی سەخت و قورس هەیە و دەكەوێتە دووڕیانێك كە یان دەبێت بڕیارێكی سەخت و قورس بدات، یان نەرمی بنوێنێت لەسەر ئایندەی نەتەوە، ئەوا مه‌سعوود بارزانی بڕیارە قورسەكە دەدات و چی دەبێت با ببێت، هەڵدەبژێرێ. ئەم بێباكی و بوێرییەی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی نەتەوە، لەسەر پرسەكانی تایبەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەوجۆرە نییە. هەر بۆ نموونە: ئەگەر سەیری قۆناخەكانی شەڕی ناوخۆ بكەین كە زۆر جار پارتی دەكەوتە بەر مەترسی، هەرگیز مه‌سعوود بارزانی بڕیاری (چی دەبێت، با ببێت)ـی لە سەر ئایندەی پارتی نەداوە و پەیامەكەی 4ی ئایاری 1994 ئاشكرایە كە دەڵێت: دەزانم غەدر لە پارتی كراوە، بەڵام نابێت پارتی وەڵامدانەوەی هەبێت، بەڵام لەسەر پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر هەموو دامەزراوە رەسمییەكانی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی لەو كاتە مەترسیی سەرەكی دەكەوتە سەر پارتی بەوەی سەرۆكەكەی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی داوە، بەڵام مه‌سعوود بارزانی بڕیارەكەی دا و (چی دەبێت با ببێت)ـی هەڵبژارد. هەروەها لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و هەڕەشەی توركیا بۆ هاتنە ناو كوردستان هەمان بڕیاری دا. لەسەر راپۆرتی دیراسەتی عێراق كە ناسراوە بە راپۆرتی بیكەر هاملتۆن و چارەنووسی كەركووك، مه‌سعوود بارزانی هەر لە بەغداوە تەواوی راسپاردەی راپۆرتەكەی رەتكردەوە و (چی دەبێت با ببێت)ـی هەڵبژارد. لە 2012ـەش كاتێك نوری مالیكی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی هەولێر، یاری بە چارەنووسی عێراق و كوردستان دەكرد، دیسان مه‌سعوود بارزانی بڕیاری رەتكردنەوەی دیكتاتۆریەتی دا و رایگەیاند: دەگەڕێینەوە بۆ گەلی خۆمان و چی بڕیار بدات ئەوە دەكەین. لە ئابی 2014 ـەش كاتێك داعش هێرشی كردە سەر كوردستان، ئەمجارەیان بڕیارێكی دا كە نەك هەر بۆ ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی سەرسامی بوو، بەڵكو بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش جێگەی تێڕامان و هەڵوەستەكردن بوو، ئەو بڕیارەش بڕیاری (شەڕی مان و نەمان) بوو دژی تیرۆریستانی داعش لە سەر زەوی، كە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەیانتوانیوە ئەو بڕیارە بدەن بە سوپای خۆیان لەسەر زەوی شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەن.
شۆڕشی گوڵان

دەستكەوتی نەتەوەیەك، نەك حزبێك
شۆڕشی گوڵان بریتی نییە لە شۆڕشێك تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان شانازی پێوە بكات، هەروەها جۆرێك نییە لە كێبڕكێی حزبی بەوەی چ لایەنێك شۆڕشی هەڵگیرساندەوە، ئەم پرسە و خوێندنەوەی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیمان خوێندنەوەی لەمە قووڵتر و تێگەیشتنی لەمە زیاتریشی دەوێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان هێندەی دروستكردنەوەی ئومێدە بۆ نەتەوەیەك و بەتاڵكردنەوەی ئەو خەونەی بەعس و سەدام حوسێن بوو بەوەی پێشمەرگە و چیاكانی كوردستان لێك جیا بكەنەوە، هێندە پێوەندی بە حزبایەتییەوە نییە. راستە لە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا ئەم شۆڕشە دەستی پێكردۆتەوە، راستە میللەت بەرەو نائومێدی هەنگاوی هەڵدەگرت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بە دامەزراندنی سەركردایەتی كاتی، بەرپرسیاریەتی قۆناخە سەختەكەی هەڵگرت و شانیدایە بەر و دەستی بە خۆهەڵسەنگاندنەوە و خۆئامادەكردن بۆ شۆڕش و درێژەپێدانی مقاوەمەت كردەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەو قۆناخەدا بە سەرۆكایەتیی مه‌سعوود بارزانی خۆیان بە خاوەنی كارەسات و نسكۆكە زانیوە و لێی هەڵنەهاتوون، بەڵكو جارێكی دیكە گەڕانەوە بووە بۆ ناو میللەت و هەوڵدان بووە بۆ دووبارە دروستكردنەوەی ئومێد بۆ ئایندەی نەتەوەیەك، ئەم لۆژیكەی كە شۆڕشی گوڵانی لەسەر هەڵگیرساوەتەوە، هەتا ئێستاش لە ویژدانی مه‌سعوود بارزانیدا یەك مانای هەیە، ئەو مانایەش ئەوەیە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەر چەندە سەركەوتووبن، ئەوە سەركەوتنی هەمووانە و گەلی كوردستان خاوەنی راستەقینەی ئەو دەسكەوتە گەورانەیە و بۆ ئێستاش گرینگە لەسەر پاشخانی 40 ساڵی رابردووی شێوازی سەركردایەتیی مه‌سعوود بارزانی سەیری ئایندەی نەتەوەكەمان بكەین و دڵنیا بین لەوەی لای سەرۆك بارزانی ئایندەی نەتەوە گرنگە نەك حزب، لە ئێستاشدا كە شانی داوەتە بەر ئەوەی بە هەر نرخێك بێت كوردستان بڕیاری سەربەخۆیی بدات و خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت، هێمای ئەوەیە كە دەیەوێت گەلی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوە و تەواوی حزبە سیاسییەكانەوە هاوبەش بن لەم بڕیارە و هەموو پێكەوە بڕیار بدەین، گەلی كوردستانیش هەر بڕیارێك بدات، هەموو پێكەوە جێبەجێی بكەین.

 

له‌ هه‌فته‌نامه‌ی گوڵانه‌وه‌