Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیتاڵیا لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی كوردستان لەپێشوازی باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، سوپاسی ڕۆڵی باڵیۆزی ئیتاڵیای لە عێراق كرد كە توانیویەتی پەیوەندییەكی بەهێز و تۆكمە لە نێوان هەرێم و ئیتاڵیادا دروست بكات و لە سەردانەكانی بۆ هەرێمی كوردستاندا، وێنەی ڕاستەقینەی هەرێم بۆ وڵاتەكەی و ئەورووپا بە شێوەیەكی گشتی بگوازێتەوە.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 25/5/2015 پێشوازیی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق (ماسیمۆ مۆرۆتی) و شاندێكی یاوەری كرد كە بە مەبەستی كۆتاییهاتنی ئەركی وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە عێراق سەردانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە حكوومەت و خەڵكی كوردستان كرد كە هاوكار بوونە لە ئەركەكانی وەك باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق سەركەوتوو بێت.

باڵیۆزی ئیتالیا هەروەها باسی لە هاوكارییەكانی ئیتاڵیا بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە تایبەت لە ڕووی ناردنی هاوكاریی مرۆیی و بەردەوامیی خولی مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە و، جەختی لە بەردەوامبوونی ئەو هاوكارییانە بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ڕۆڵی باڵیۆزی ئیتاڵیای لە عێراق كرد كە توانیویەتی پەیوەندییەكی بەهێز و تۆكمە لە نێوان هەرێم و ئیتاڵیادا دروست بكات و لە سەردانەكانی بۆ هەرێمی كوردستاندا، وێنەی ڕاستەقینەی هەرێم بۆ وڵاتەكەی و ئەورووپا بە شێوەیەكی گشتی بگوازێتەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی نوێیدا.

(نێچیرڤان بارزانی) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە هاتنی شاندە باڵاكانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕۆژە سەختەكاندا كرد و دووپاتی كردەوە كە، ئەو سەردانانەیان جێگەی ڕێز و سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و جەختیشی كردەوە كە مەترسیی تیرۆریستانی داعش بەردەوامە، بۆیە پێویستە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت.