Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

له‌ به‌غداوه‌ هه‌واڵی خۆش بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان هه‌یه‌

به‌غدا-KDP.info-  په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراقی ئاشكرای ده‌كات، بۆ ناردنی بوودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، هه‌واڵی خۆش هه‌یه‌.
 
(نه‌وزاد ڕه‌سووڵ) په‌رله‌مانتاری كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: بۆ ناردنی بوودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ هه‌واڵی خۆش هه‌یه‌، چونكه‌ ئێستا بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ له‌و ئاسته‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو حكوومه‌ت له‌سه‌ری رێككه‌وتوون، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات بڕی ڕه‌وانه‌كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكرێـت.
 
(نه‌وزاد ڕه‌سووڵ) گوتیشی: به‌غدا بڕیاری داوه‌ بوودجه‌ و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان زیاتر بنیرێت، ئه‌وه‌ش شتێكی دڵخۆشكه‌ره‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین 750 ملیار دینار به‌م نزیكانه‌ ره‌وانه‌ بكرێـت. 
 
له‌ مانگی رابردوودا به‌غدا ته‌نها 527 ملیار دیناری بۆ هه‌رێمی كوردستان نارد. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌یش ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر كێشه‌ی ته‌كنیكی و نه‌بوونی سیوله‌ دروست نه‌بێت، پاره‌كه‌ به‌م نزیكانه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان.
 
بڕیار وایه‌ تاوه‌كو 10ی ئایاری 2015 بوودجه‌ی مانگی نیسان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
 
یه‌حیا سابیر