Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەپێی ڕێنماییە تازەکە مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران بۆ دەرەوە دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info-ڕێنماییەكی تازە بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەردەچێت  كە دەیانەوێت لە دەرەروە بخوێنن، چونكە ماوەی دوو ساڵە ڕێنماییەکەی جارانی مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران ڕاگیراوە، ڕەشنوسی ڕێنماییەكە ئامادەیە.

(نەزهەت ساڵح) ڕاوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری  قوتابیان بە ماڵپەڕی فەرمیی  پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێنماییەكی تازە بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەردەچێت  كە دەیانەوێت لە دەرەروە بخوێنن، چونكە ماوەی دوو ساڵە ڕێنماییەکەی جارانی مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران ڕاگیراوە، ڕەشنووسی ڕێنماییەكە ئامادەیە."
(نەزهەت ساڵح) ئاماژەی بەوەدا لە مانگی 9ـی ساڵی 2013ـەوە، ڕێنمایی مۆڵەتدانی فەرمانبەرانی قوتابی ڕاگیراوە و، فەرمانبەران ناتوانن داوای مۆڵەتی خوێندن بكەن لە دەرەوە. گوتیشی: لە ڕێنماییە تازەكەدا چەند خاڵێك بەهەند وەرگیراوە بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن، بۆ نموونە پێویستی وەزارەت و فەرمانگەكان لە هەموو شتێك گرنگترە، واتا ئەو كەسەی كە بۆ پسپۆریەك  داوای مۆڵەتی خوێندن دەكات دەبێت ئەو پسپۆڕیە لە پلانی وەزارەت و فەرمانگەكە هەبێت، نابێت هەرەمەكی بێت.
بەرپرسەكەی كاروباری قوتابیان لە ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە بە پێی  یاسا هیچ فەرمانبەرێك بۆی نیە لە دەرەوە بخوێنێت تاوەكو مۆڵەتی خوێندنی نەبێت، گوتیشی: فەرمانبەر ئازادە مۆڵەتی بێ مووچە وەردەگرێت بۆ كاروباری تایبەتی خۆی، بەڵام ناتوانێت بۆ خوێندن داوای مۆڵەتی بێ مووچە بكات، چونكە ئەو كات وەزارەتی خوێندنی باڵا پابەند نیە، بڕوانامەی كەسێك هەموار بكات و ڕاستاندنی بۆ بكات كە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەی هێناوە.
(نەزهەت ساڵح) ئاشكرایشی كرد لیستی زانكۆكانی دەرەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە، بەپێی ئەو لیستە فەرمانبەران دەتوانن لە دەرەوە بخوێنن، بەدەر لەو زانكۆیانە قبووڵ ناكرێت.
یەحیا سابیر