Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەت چەند بڕیارێكی گرینگی لە بەرژەوەندیی پەروەردە و خوێندنی باڵادا دەرچوواند

هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێکی گرینگی لەبارەی خویندنی باڵا و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان دەرچواند.

ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی بەست.

لە كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە لە بارەی ڕەوشی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە خرایە ڕوو و، دواتر كارنامەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ و تاوتوێ كرا و، چەند بڕیارێك سەبارەت بە خوێندنی باڵا و پەروەردە دران.

سەبارەت بە خوێندنی باڵا، باس لە گرنگیی دەستنیشانكردنی ئەولەویەتی پێداویستییەكانی حكوومەت و كەرتی تایبەت لە كاتی داڕشتنی پلانی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی دیپلۆم و ماستەر و دكتۆرا كرا و، بەو مەبەستەش بڕیار درا وەزارەتەكان ئاگادار بكرێنەوە كە سەرجەم پێدوایستییەكانیان ڕادەستی ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا بكەن. دواتر باس لە كوالێتیی ئاستی زانكۆكان كرا و، بڕیار درا بە پیادەكردنی سیستمی ڕیزبەندیی نیشتمانیی زانكۆ و دامەزراوەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە شێوەیەك لەسەر پێوەری زانستیانە و كوالێتی، هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ بكرێت و، ڕیزبەند بكرێن كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كێبركێی زانستی لە نێوانیاندا دروست ببێت.

سەبارەت بە وەزارەتی پەروەردەش، سەرەتا باس لە هەڵمەتی نیشتمانیی دروستكردنی قوتابخانە كرا و، بڕیار درا كە پرۆژەیەك بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بكرێت و، سەرچاوەی نوێی پارەداركردنی پرۆژەكانی دروستكردنی باڵەخانەی قوتابخانەكان بدۆزرێتەوە و، حكوومەتیش ئاسانكارییەکی تەواو پێشكەش بكات. هەروەها باس لە كۆنفرانسی پەروەردەیی كرا كە بڕیارە مانگی دادێ ببەسرێت و، تەوەرەكانی كۆنفرانسەكە گفتوگۆی لەسەر كرا. دواتر پرۆژەی پەیڕەوی خوێندنی پیشەیی خرایە ڕوو و، بڕیار درا ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەك پڕۆژەیەك بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرا و لەمبارەیەشەوە جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە خوێندنی كوردی لەو ناوچانە زیاتر برەوی پێ بدرێت و، هاوكارییەکی پێویستیش بۆ ئەم مەبەستە پێشكەش بكرێت، هەروەها بڕیار درا برەو بەو قوتابخانانەش بدرێت كە پرۆگرامی خوێندن تیایاندا بە زمانی ئینگلیزییە. دواتر باس لە هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان كرا و بڕیار درا لە وەرزی هاویندا كاری پێویستی بۆ بكرێت و جەخت لە بایەخدانی زیاتر بە ڕاهێنانی مامۆستایان كرایەوە.

ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان لە هەریەكە لە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیران و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیرانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و دارایی و پلاندانان پێك دێت و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 6ـی ڕێکەوتی 19/10/2014، بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنەكە درا و مەبەست لە دامەزراندنیشی داڕشتنی پلان و ستراتیژیەتی پەروەردە و، خوێندنی باڵایە لە هەرێمی كوردستاندا.