Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەم نزیکانە، ژن و کچانی ئێزدی مووچەیان بۆ دابین دەکرێت

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، حکوومەتی عێراق مووچە بۆ ئەو ژن و کچانە دەبڕێتەوە کە لە دەستی گرووپی تیرۆریستیی داعش ڕزگاریان بووە، کە ئەمەش لەسەر داوای لیژنەی داکۆکی لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان بوو.

(ئێڤار ئیبراھیم) سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی  ڕاگەیاند: "دوای ئەو نەهامەتییەی لە شنگال بەسەر ژنان و کچانی ئێزدیدا ھات ‌و، لەلایەن گروپی تیرۆریستیی داعشەوە ڕفێنران و بە کۆیلە کران، ئێمە وەکو لیژنەی داکۆکی لە مافی ئافرەت، سەردانی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی عێراقمان کرد تاوەکو سەردانی ناوچەی شنگال بکەن بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ئەو ژن و کچانەی کە ئازاد کراون تا بزانن کە لە چ بارودۆخێکی خراپی جەستەیی و دەروونیدان، ئەوە بوو دوای چەند رۆژێک وەفدێکیان ھاتنە ھەرێمی کوردستان و سەردانی ناوچەکەیان کرد."


(ئێڤار ئیبراھیم) گوتیشی: "یەکێک لە داواکارییەکانمان ئەوە بوو، ئەو ژن و کچانە مووچەیەکیان بۆ ببڕێتەوە، کە بە خۆشحاڵییەوە حکوومەتی بەغدا بە دەممانەوە ھات ‌و بڕیاری بڕینەوەی ئەو مووچەیەی دا."


سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و بڕی مووچەکە، سەرۆکی لیژنەکەی پەرلەمان ڕایگەیاند: "چەند و چۆنەکەی جارێ دیار نییە و، چاوەڕێینە بڕیارەکە زوو جێبەجێ بکرێت؛ بە بۆنەوە چەندی ڕۆژی دی  سەردانی بەغدا دەکەین."


بڵند ئیبراھیم