Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

له‌ روانگه‌ و بۆچوونی جیهانییه‌وه‌ داعش له‌ پاشه‌كشه‌دایه

هەولێر-KDP.info-  (مه‌سروور بارزانی) لە پێشوازیی باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق رایگەیاند کە، داواكاریی به‌شداریكردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراودا دادپه‌روه‌رانه‌ نییه، ئه‌گه‌ر وه‌ك سوپای عێراق پڕچه‌ك نه‌كرێ. باڵیۆزی فەرەنسایش، سوپاسی قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی كرد كه‌ له‌ روانگه‌ و بۆچوونی جیهانییه‌وه‌ داعش له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19/4/2015 (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (مارك بارێتی) باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی كۆنسووڵی گشتیی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، تیشك خرایه‌ سه‌ر دواپێشڕه‌وی و هێرشه‌كانی دوێنێی پێشمه‌رگه‌ دژ به‌ تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی داعش له‌ باشووری كه‌ركووك و هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر بابه‌تی ئازادكردنی مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق كرد. له‌وباره‌وه‌ (مه‌سروور بارزانی) رایگه‌یاند، مووسڵ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بێت‌ بۆ سه‌ر ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر وه‌ك بنكه‌یه‌كی تیرۆریستان بمێنێته‌وه‌ و گوتی: هاوكات داوای به‌شداریكردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراودا، داواكارییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ نییه، ئه‌گه‌ر وه‌ك سوپای عێراق پڕچه‌ك نه‌كرێ.


له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا رۆڵی فه‌ڕه‌نسا له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و راهێنانی پێشمه‌رگه‌ تاوتوكرا و راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان داوای فره‌وانكردنی به‌شداریی فه‌ڕه‌نسای له‌ قه‌باره‌ و بواره‌كاندا له‌ باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا كرد‌ به‌ شێوه‌یه‌ك، كه‌ له‌ئاست پێداویستییه‌كانی ئاساییشی ناوخۆدا بێت‌ و گوتی:شكانی تیرۆریستان له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ وای كردووه‌ په‌نا بۆ كاری ترسنۆكانه‌ به‌رن، وه‌ك ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ی هه‌ینی رابردوو له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامیان دا.


له‌به‌رانبه‌ردا باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق سوپاسی قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی كرد، كه‌ له‌ روانگه‌ و بۆچوونی جیهانییه‌وه‌ داعش له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ و گوتی: ئێمه‌ باش ده‌زانین داعش به‌ ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ بۆ سه‌ر كوردستان و عێراق، به‌لكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش.