Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەركەوتوویەكی دیكەی كیمیاباران گیانی لە دەست دا

هەڵەبجە-KDP.info- بە هۆی كاریگەریی برینەكەیەوە، یەكێكی دیكە لە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە گیانی لە دەست دا، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەیش دەڵێت، ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بەردی بناخەی دانراوە و تا ئێستایش نەكراوەتەوە.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە (لوقمان عەبدولقادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، تا ئێستا چەندین بەركەوتووی كیمیابارانی هەڵەبجە گیانیان لە دەست داوە، ئەمڕۆیش یەكێكی دیكە لەو بەركەوتووانە بە ناوی (حاجی مەحموود محەممەد) گیانی لە دەست دا، بەو شێوەیەیش ژمارەی ئەو بەركەوتووانەی گیانیان لە دەست داوە لە دوای ساڵی 2003ـوە بۆ نزیكەی 85 بەركەوتوو بەرز بووەتەوە.
نیگەرانیی كۆمەڵەكەیانی لەوەیش نەشاردەوە كە، ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە بەردی بناخەی دانراوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بكرێت بەركەوتووانی چەكی كیمیایی سوودی لێ وەربگرن لە كاتێكدا لە ساڵانی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێم بڕەپارەیەكی زۆری بۆچارەسەركردنی ئەو بەركەوتووانە خەرج دەكرد بۆ ناردنەدەروەیان بۆ وڵاتی ئێران.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە گوتیشی، بەركەوتووانی چەكی كیمیایی پێویستیان بە چاودێریی ورد و بەردەوام هەیە، چونكە ئەو كەسانەی بەركەوتووی چەكی كیمیایین دەبێت بە بەردەوامی پزیشكی پسپۆڕ چاودێریی باری تەندروستییان بكات.
ئاسۆ عەلی