Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: پێشمەرگە بە ئازایەتیی خۆی ئەوەی سەلماند كە تیرۆر ئەو هێزە نییە كە نەشكێت

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (جان كۆبیس) رایگەیاند کە، پێشمەرگە بە ئازایەتیی خۆی ئەوەی سەلماند كە تیرۆر ئەو هێزە نییە كە نەشكێت..هاوکات (جان كۆبیس) رایگەیاند کە، جیهان ئاگاداری قوربانیدانی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانیەتی بۆ شكستدانی تیرۆریستان.

ئەمڕۆ یەكشەممە 19ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (جان كۆبیس) نوێنەری نوێی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا كە بە مەبەستی خۆناساندن ساز كرا بوو نوێنەری تایبەتی تازەی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بەوەدا كە جیهان ئاگاداری قوربانیدانی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانیەتی بۆ شكستدانی تیرۆریستان و هەروەها یارمەتیدان و لەخۆگرتنی سەدانهەزار پەنابەری عێراقی و سووری و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە. نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان هەنگاوەكانی نزیكبوونەوەی بەغدا و هەولێر و هەروەها ئەو پەیوەندییە هاوسەنگانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و دراوسێیە هەرێمییەكان هەیە بە بەرز نرخاند و بە فاكتەرێك بۆ بووژانەوەی ناوچەكەی لە قەڵەمدا. هەروەها سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە هەماهەنگییەكی باشی لەگەڵ تیمەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەیە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ نوێنەری نوێی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان خواست و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی كاریگەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە یارمەتیدانی پەنابەران و هەروەها نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق جەختی فراوانتركردنی هەماهەنگیی نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و هەرێمی كوردستان كردەوە. (سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا سوپاسی هاوسۆزی و بەدەنگەوهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد و هێمای بە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە دا و ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان بۆ مانەوە و پاراستنی دەستكەوتەكانی قوربانی و خوێنی زۆری داوە و لەم شەڕەیشدا پێشمەرگە بە ئازایەتیی خۆی ئەوەی سەلماند كە تیرۆر ئەو هێزە نییە كە نەشكێت.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی ئەمنی و سەربازیی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا و ئەنبار و سەلاحەدین خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسل تاوتوێ كرا.