Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: فەرەنسا پاڵپشت و هاوسۆزی گەلی کوردستان بوونە

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە هەمیشە پاڵپشت و هاوسۆزی گەلی كوردستان بوونە و لەكاتێكی هەستیاریشدا فەڕەنسا پشتیوانی لە پێشمەرگە و كوردستان كرد و ئەم هەڵوێستە مێژووییە قەت لە یاد ناچێت..باڵیۆزی فەرەنسایش سڵاوی (فڕانسوا هۆڵاند)ـی سەرۆكی فەڕەنسای بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند.

ئەمڕۆ یەكشەممە 19ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (مارك بارێتی) باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سڵاوی (فڕانسوا هۆڵاند)ـی سەرۆكی فەڕەنسای بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و هەروەها باسیش لە گرنگیی سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم كرد بۆ فەڕەنسا و پاڵپشتی و بەردەوامیی وڵاتەكەی لە هاوكاریكردنی سەربازی و پێشكەشكردنی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی دووپاتكردەوە. باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆیشی ڕاگەیاند بۆ كەسوكار و خانەوادەی قوربانییەكانی تەقینەوەكەی ڕۆژی هەینیی ڕابردووی شارۆچكەی عەینكاوە و دەستخۆشی لە گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پاراستنی پێكهاتەكان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرە پەنابەرەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە هەمیشە پاڵپشت و هاوسۆزی گەلی كوردستان بوونە و لە كاتێكی هەستیاریشدا فەڕەنسا پشتیوانی لە پێشمەرگە و كوردستان كرد و ئەم هەڵوێستە مێژووییە قەت لە یاد ناچێت. هەروەها سوپاسی (سەرۆك هۆڵاند)ـیشی كرد كە پێشوازی لە شاندەكەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم كردووە و ئاماژەیشی بەوەدا كە هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی فەڕەنسا و هێزی پێشمەرگە لە ئاستێكی زۆر باش دایە.
هەر لەم دیدارەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی باشتربوونی پەیوەندییەكان و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوولا هەنگاو دەنێت. لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا و ئەنبار و سەلاحەدین و كەركووك خرایە بەر باس. هەر لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا لە بوارە جیاجیاكان كردەوە.