Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. دیندار زێباری: كاری لەپێشینەی حكوومەتی هەرێم دابینكردنی ئاساییش و حەواندنەوەی ئاوارەكانە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەۆڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، لە وەڵامی چەند راپۆرتێكی پەیوەندیدار بە رەوشی ئاوارەكان و یارمەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونی كردەوە، بارگرانییەكی زۆر لە ئەنجامی هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان بۆ كوردستان دروست بووە بە تایبەت لەو كاتەوەی كە حكوومەتی بەغدا بودجەی هەرێمی بڕیوە.

سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەۆڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم (د. دیندار زێباری) ڕایگەیاند، نزیكەی 1.9 ملیۆن كەس روویان لە كوردستان كردووە و حكوومەتی هەرێمیش بە گوێرەی توانا بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئاوارەكان.
جەختیشی لە گرینگیی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێم و رێكخراوەكان و وڵاتە كۆمەكبەخشەكان لە بوارەكانی ئاساییش و تەندروستی و پەروەردە لە كەمپەكاندا كردەوە كە رۆڵیان لە یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبووە بە تایبەتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لەم بارەیەوە (د. دیندار) رۆڵی رێكخراوی ناوبراوی بە گرینگ وەسف كرد لە لایەنی تەندروستییەوە وەك دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستیی پزیشكی و بۆ نەخۆشخانەكان لە هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەۆڵەتییەكان هەماهەنگی یۆنسێفی بە گرینگ ناو برد لە هەڵمەتی دژی نەخۆشیی ئیفلیجیی منداڵان و رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم هەوڵ دەدات خزمەتگوزاریی تەندروستیی دەروونی و كۆمەڵایەتییش پێشكەش بە ئاوارەكان بكات و بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی جیددی نراوە و تیمی تایبەت دانراوە. لەم بوارەیش وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی بەرچاوی بینیوە و چەندین خولی تایبەتی بۆ مامۆستایان و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتی كردووەتەوە لە قوتابخانە و كەمپەكانی ئاوارەكان لە پارێزگای هەولێر بۆ دووبارە شیاندنەوەی قوتابیان، هەروەها جەختی لە گرینگیی دابینكردنی پێداویستییەكانی بواری پەروەردە كردەوە و هەوڵەكانی دامودەستگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان خستە ڕوو بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە پەیوەندارەكان.

سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەۆڵەتییەكان دووپاتیشی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە دابینكردنی ئاساییش و شوێنی حەوانەوەی ئاوارەكانی بە ئەولەویاتی كارەكانی خۆی داناوە، بۆ ئەم مەبەستەش كەرەڤانی بۆ نزیكەی 417 خێزانی ئاوارەكان دابین كردووە لە كەمپی عەینكاوە، ئەمەیش بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئاوارەكان و دابینكردنی گشت پێداویستییەكانیان.